وەك هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی وشكەساڵی و زیادكردنی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە باكوری شاری هەولێر و لە شارەدێی بەستۆرە، بەنداوێك بۆ گلدانەوەی باراناو دروست دەكات.
پڕۆژەی بەنداوی بەستۆرە لەلایەن كۆمپانیای ناوخۆییەوە جێبەجێ دەكرێت كە هەلی كاری بۆ 150 كەس ڕەخساندووە، بە شەو و ڕۆژ كاری تێدا دەكرێت و بڕیارە لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو تەواو بكرێت.
شێركۆ محەمەد سەرپەرشتیاری حكوومی لە پڕۆژەكە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند، حكوومەتی هەرێم گرنگیی زۆری بە سەرچاوەكانی ئاو داوە، چونكە پەی بە مەترسیی وشكەساڵی و گۆڕانی كەشوهەوا بردووە، لێرە تەنیا بەنداو دروست ناكەین، بەڵكو پەرە بە شارەزایی و سەرچاوەی مرۆیی ئەم بوارە دەدەین، بۆیە نەخشەسازی و پشكنین و سەرپەرشتی و بەڵێندەرایەتییەكەشی هەمووی خۆوڵاتین.
ئەم بەنداوە لە جۆری خاكییە و بەرزییەكەی 30 مەترە و پانییەكەی 180 مەترە، درێژییەكەشی دەگاتە 630 مەتر و لە سەرەتای بارانبارینی ئەمساڵەوە باراناوی تێدا كۆ دەكرێتەوە.
بەنداوەكە دەتوانێت 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لەخۆ بگرێت و ڕووبەری كۆكردنەوەی ئاوی باراناویشی دەگاتە 108 كیلۆمەتر چوارگۆشە، كاریگەریی لەسەر زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی و بەراوكردنی هەندێك ناوچە دەبێت؛ هەروەها دەبێتە ناوچەیەكی گەشتیاری و سەرچاوەی گەشەكردنی بەرهەمی ماسی.
سەلام محەمەد سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە لەمبارەیەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت، ئومێد دەكەین ئەم پڕۆژەیە لە ماوەی ساڵێك كەمتر تەواو بكەین، لە كاتێكدا پێشتر نزیكەی سێ ساڵ بۆ پڕۆژەیەكی وا پێویست دەبوو، چونكە ئێمە سیستم و ئامێری تازە بەكار دێنین؛ 24 سەعات كاری تێدا دەكرێت و بە تەواوبوونی، خزمەتی باش بە گەشتیاری و سامانی ماسی و كشتوكاڵی و هەلی كار دەكات.
لە چوار ساڵی ڕابردوودا كابینەی نۆ بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەكانی وشكەساڵی و كاریگەرییەكانی لەسەر سامانی ئاو، پلانی فرەلایەنی بۆ بەنداوسازی و پۆندسازی خستەگەڕ و دەیان بەنداو و پۆندی دروست كردووە و دەیانی تریش لە تەواوبووندان.