كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كە بڕیارە سەرپەرشتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتیی هەرێمی كوردستان بكات، دووپاتی كردەوە كە هەموو ئامادەسازییەكانی بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەكە تەواو كردووە، ئەو هەڵبژاردنەی بڕیارە لە 25ی شوباتی ساڵی داهاتوو بێتە سازكردن.
عیماد جەمیل، گوتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنەكە لەوبارەوە دەڵێت، كۆمسیۆنی باڵا ئامادەسازییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی هەڵبژاردنی گشتیی هەرێمی كوردستانی تەواو كردووە، بە دانانی خشتەی كارەكانی و لە داهاتوو ئەو خشتەیە رادەگەیەنێت.
روونی كردەوە، ئەو مادە سەرەكییەی كارمان لەسەری كردووە بریتییە لە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگەكانی هەرێمی كوردستان و رێژەی نوێكردنەوەی تۆمارەكە بەرز بووەتەوە، ئێستە لەو رووەوە هەولێر یەكەمە و سلێمانیش دووەم دهۆك سێیەم.
گوتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئاماژەی كرد كە رێككەوتن لە نێوان كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و حكوومەتی هەرێم كراوە، بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە لە وادەی دیاریكراوی خۆی لە 25ی شوباتی 2024.
شایەنی باسە بڕیار بوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كۆتایی ئەمساڵ بێتە سازكردن و بۆ ئەو مەبەستە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان لە لایەن پەرلەمان زیندوو كرایەوە، بەڵام لە دوای بڕیارێكی دادگەی فیدراڵی لە دژی درێژكردنەوەی تەمەنی كاری پەرلەمانی كوردستان، دەبوایە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرپەرشتی ئەو هەڵبژاردنە بكات، كە بەهۆی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق نەیتوانی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی كوردستان بكات، بۆیە دوای هاوئاهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنەكە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانێكی هەرێمی دەركرد بە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە لە 25ی شوباتی ساڵی داهاتوو.