بەم دواییە دادگەی فیدراڵی عێراق بڕیارێكی تری سیاسییانەی بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان دا، ئەویش بە نادەستووری حسێبكردنی درێژكردنەوەی ماوەی كاری ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێم، واتە ئەو ئەنجوومەنانەی ئێستە نایاسایین و كاركردنیان وەستاوە، ئەندامێكی پارتی ئاماژە بۆ قۆناغی دوای بڕیارەكە دەكات.
وەفا محەمەد كەریم، ئەندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوبارەوە دەڵێت، تا ئێستە حكوومەتی هەرێم هیچ لێدوان و هەڵوێستێكی لەبارەی بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی رانەگەیاندووە، بە كۆتاهێنان بە كاری ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام لە لایەن سەرۆكانی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەولێر و سلێمانی بە بڕیارەكە هەیە.
روونی كردەوە، لە سایەی بڕیارەكانی پێشووی دادگەكە، بەتایبەتی پێوەست بە نادەستووریبوونی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق، بڕیاری نادەستووریی درێژكردنەوەی ماوەی كاری ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێم پێشبینیكراو بوو.
كەریم دووپاتی كردەوە كە ئێستە پارتی چاوەڕوانی ئەگەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێمی كوردستان و بەستنەوەی بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق لە كۆتای ئەمساڵ، یان بەستنەوەی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 25ی شوباتی ساڵی داهاتوو ساز بكرێت.
دوای بڕیارەكەی دوێنێی دادگەی فیدراڵ بە نادەستووریی درێژكردنەوەی تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێی كوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گوتی، بڕیارەكە نایاساییە و زۆرینەی بڕیارەكانی ئەو دادگەیە سیاسییە و تێبینیمان لەسەریان هەیە.
لای خۆیەوە عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەوبارەوە گوتی، بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی زیاتر سیاسییە، لە 30ی نیسانی 2014 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكان لە هەرێم ئەنجام درا، كە بە پێی یاسا ئەنجوومەنەكان ماوەی چوار ساڵ كاری خۆیان بكەن، لە 2018 ماوەی یاسایی كاری ئەو ئەنجوومەنانە تەواو بوو، ئەوكات كەوتینە ناو تەنگژەی دارایی و شەڕی داعش، بۆ هەڵبژاردن نەكرا.
دووپاتی كردەوە، هاوكات ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێویستی بە سازانی سیاسی هەبوو، بۆیە ئەوە نەكرا و ئەنجوومەنەكە ماوە یاساییەكەی درێژ كرایەوە، ئێستەش پابەندی رێنوێنییەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانین، دادگەی فیدراڵی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی بە نادەستووریی داناوە، بۆیە ناتوانین چیتر بڕیار دەربكەین و چاودێری فەرمانگەكانی حكوومەت بكەین.