"باشترە بیبڕنەوە.. دەنگێكی نەخێرتان داوە رووتان نایەت و پێتان شەرمە بیڵێن"

:: PM:10:48:26/09/2023 ‌

زۆرتان گوت، بەڵام باشترە بیبڕنەوە، شكست كەس خۆی ناكات بە ساحێبی، بەڵام سەركەوتن هەمووی بەهی خۆی دەزانێت، ئەوەی دەڵێت "نەخێر" بۆ سەربەخۆیی، ئەگەر بۆ شۆخیش بێت، هەتا ماوە مەحكوومە بە كۆیلایەتی.

دەنگێكی نەخێرتان داوە رووشتان نایەت و پێتان شەرمە بڵێن دەنگی نەخێرمان داوە، پاساوەكانتان وەك ئەوە وایە دراوسێی نەرویج و سوید دانیمارك بین، نەخێرەكان دوای ئەم حزب و لە رقی ئەو سەركردە مەجبوور بوون بڵێن نەخێر.

تا دەتوانن پاساو بێننەوە و باسی پێشبینییەكانی خۆتان بكەن، هەر هەموومان پێشبینی لەوە خراپترمان دەكرد، بۆچی كە باشوور راپەری، خۆ سێ ساڵ پێش ئەوە هەڵەبجە كیمیاباران كرا، كەچی كچانی شار لە ئەمنەكە شەقیان لە لاشەی ئەمنە كوژراوەكان هەڵئەدا، ئەوكاتەش هەر قومار و موجازەفە بوو و كەس بەتەمای ژیانی خۆی نەبوو، خێرە ئەو موجازەفە و قۆمارە باس ناكەن؟

ئەسڵا ئێوە بەو نەخێرەتان خوازیار بوون كوردستان تەفروتونا بێت، هەر بۆ ئەوەی نەمانوتەكەی ئێوە ڕاست دەرچێت، لەبەر ئەوەی ئێمە میلەتێكی بێ پشت و پەناین كەواتە دەبێت هەموو مافەكانمان بە موجازەفە وەرگرین، ئینجا بەدەردی عەرەب دەڵێت(مرة تصيب و مرة تخيب) هەر واش بووە، هەتا ماوین تورك و عەرەب و فارس پێمان ناڵێن و بوارمان بۆ ناڕەخسێنن ئێمە بەمافی خۆمان بگەین، ئەسڵا ئەوان نایانەوێت ئێمە لە وجودا هەبین، ئەوەی دەنگی نەخێر بووە بەوە نییە ریكلام بۆ ئازادی دەكات، هەتا ماوە مەحكوومە بە كۆیلایەتی.

بەڕێز عەلی شۆڤڵ



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل