سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان قسەی كرد و رای گەیاند، پێویستە كێشەی مووچە تێكەڵی بابەتی سیاسی نەكرێت و كێشەكان بەپێی دەستوور چارەسەر بكرێن.
ئەمڕۆ چوارشەم 27ـی ئەیلوول، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە كاتی بەشداریی لە كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی لە وتارێكدا گوتی، هێز و مانەوەی هەموومان لە تەبایی و یەكڕیزیدایە، پێچەوانەكەیشی زیانی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی، هەرێمی كوردستان دەیەوێت سەرجەم كێشەكانی لەگەڵ عێراق بەپێی دەستوور چارەسەر بكات. نابێت بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان بكرێتە بارمتەی سیاسی.
باسی لەوەش كرد، ئەم قۆناغەی بەردەم هەرێمی كوردستان ئەوە دەخوازێت كە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان، هەرچی ناكۆكییان هەیە بەلاوەی بنێن، هەرێمی كوردستان بەهێزتر بكەن و هەموومان پێكەوە یەكهەڵوێست، یەكدەنگ و بەهێز لە بەغدا بین. دەبێ ئەوە ئامانجی هاوبەش و كۆكەرەوەی هەموومان بێت.
روونی كردەوە، ئێستە بۆ تێپەڕاندنی هەموو سەختییەكان و چارەسەركردنی كێشەكان؛ بۆ پاراستنی دەستكەوت و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، تاكە رێیەكمان لە بەردەمدایە، ئەویش بەردەوامی و درێژەدانە بە هاوكاری، یەكتر قبووڵكردن، هاوبەشی و كاری پێكەوەیی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان، لێرە و لە بەغدا. هێز و مانەوەی هەموومان لە یەكڕیزی و تەباییدایە.