ئەندامێكی تری كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی، كشانەوەی خۆی لە كۆنگرە رادەگەیەنێت و دەڵێت، ئەو كۆنگرەیە بەسەر ئەندامانی سەپێنراوە و پشتگیریی قسەكانی مەلا بەختیار و لاهوور شێخ جەنگی دەكەم.
ئەمڕۆ كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی بەڕێوە دەچێت، دەنگی ناڕەزایەتییەكان لەناو یەكێتی بەردەوامە، بەڵام بەرپرسانی یەكێتی هیچ وەڵامێكیان بۆیان نییە.
ئەمڕۆ چوارشەم 27ـی ئەیلوول، بەختیار كاوانی ئەندامی كۆنگرەی یەكێتی بڵاوی كردووەتەوە، من لەگەڵ دەستپێك و كردنەوەی دەرگای هۆڵی كۆنگرەی پێنجەمی بەنایاسایی سەپێنراو، بەسەر كادران و ئەندامانی حزبەكەمان حزبی شەهیدان، بڕیارم دا بەشداری نەكەم، چونكە كۆنگرە لە بەلاڕێبردن و نانەوەی ناكۆكیی نێوان تێكۆشەران و لەتكردنی یەكێتییەكەمانە و بەپێی ویست و خواستی نەیارەكانمانە.
باسی لەوەش كردووە، پشتیوانی خۆی بۆ مەلا بەختیاری سەركردە و هەڤاڵانی لە ئەنجوومەنی باڵا ڕادەگەیەنێت، هەروەها پشتیوانی تەواوی بۆ لاهوور شێخ جەنگی رادەگەیەنێت و دەڵێت، "كار دەكەین بۆ دۆزینەوەی ڕێڕەوی ڕاستەقینە و ڕێكخستنەوەی جەمسەرەكان بۆ دووبارە هەستانەوەی یەكێتییەكەی جاران و هی هەمووان".
پێش بەستنی كۆنگرە، ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی وازهێنانی خۆیان یان پاشەكشەیان لە كۆنگرە راگەیاندووە، ئەوەیش بەهۆی كێشە و ململانێ ناوخۆییەكانی ئەو حزبە كە پێیان وایە كۆنگرە تەنیا دەسەڵات بە بافڵ دەدات و هیچ گۆڕانكارییەكی بۆ یەكێتی پێ نییە.