قایمقامییەتی عەنكاوە سوپاسی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەكەن و دەڵێن، سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە چركەساتەكانی یەكەمی رووداوەكەدا، هەموو ئامادەییەكی بۆ فریاكەوتنی بریندارەكان و كەسوكارەكانی حەمدانییە دەربڕی.
قایمقامییەتی عەنكاوە لە راگەیەنراوێكدا سەبارەت بە رووداوی ئاگركەوتنەكەی حەمدانییە دەڵێن، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیران مەسروور بارزانی لە چركەساتی یەكەمی رووداوەكەی حەمدانییە هەموو ئامادەییەكیان نیشان دا بۆ بەهاناوەچوونی برینداران و كەسوكاری قوربانییەكان، كە هەر لەو چوارچێوەیەدا نەخۆشخانەكانی هەولێر و دهۆك دەیان برینداری رووداوەكەیان لەخۆگرت.
قایمقامییەتی عەنكاوە بڕیاری راگرتنی تەواوی چالاكیی و ئاهەنگەكانیان داوە و ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، سەرۆكایەتییەكانی ئیبارشیاتی كەنیسەكانی هەولێر و قایمقامیەتی و ناوچەی عەنكاوەی پارتی دیموكراتی كوردستان رۆژی شەموو لە هۆڵی رەجای تایبەت بە پرسە پرسە دادەنێین.
هەر ئەمڕرۆ سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی فەرمانیكرد سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە هەرێمی كوردستان رابگەیەندرێت.
شەوی رابردوو لە هۆڵێكی ئاهەنگگێڕانی هاوسەرگیری لە حەمدانییە، ئاگر دەكەوێتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 100 كەس گیانیان لەدەستداوە و بەسەتان كەسیش بریندار بوون.