نێچیرڤان بارزانی سەردانی بریندارەكانی رووداوی حەمدانییەی كرد و سوپاسی تیمی وەزارەتی تەندروستی و حكوومەتی هەرێمی كرد

:: PM:09:23:27/09/2023 ‌
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2023/9/27 نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ نه‌خۆشخانه‌ى ئيمێرجێنسى له‌ هه‌ولێر، بريندارانى ڕووداوى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ى شه‌وى ڕابردووى حه‌مدانييه‌ى به‌سه‌ر كرده‌وه‌ و له‌ نزيكه‌وه‌ له‌ دۆخى ته‌ندروستييانى پرسى.

بەپێی سایتی سەرۆكایەتی هەرێم،  نێچيرڤان بارزانى هه‌موو پشتگيرى و يارمه‌تييه‌كى بۆ برينداران و به‌ركه‌وتووانى روداوه‌كه‌ دووپات كرده‌وه‌ و سوپاس و پێزانينى بۆ كارمه‌ندانى نه‌خۆشخانه‌ و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى كه‌ خزمه‌ت و يارمه‌تى پێشكه‌ش به‌ برينداران و به‌ركه‌وتووان ده‌كه‌ن.

دواى به‌سه‌ركردنه‌وه‌كه‌ش، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم  له‌ لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانيدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: 

"پێش هەموو شتێک دەمەوێ سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری ئەم خەڵکە بکەین. کارەساتێکی گەورە بوو، کارەساتیکی مرۆیيی گەورە بوو. دەمەوێ دەستخۆشی لە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێر بکەم کە بە ڕاستی هەر لەگەڵ ڕوودانی کارەساتەکە و لە یەکەم کاتژمێری ڕووداوەکەدا، ئەمبۆلانسیان نارد. دەمەوێ پڕ بە دڵ سوپاس و دەستخۆشی له‌ کارمەندانی تەندروستی بکەم. ئەوەی لێرە بینیم، ئەو چاودێرییەی بۆ نەخۆشەکان دەیکەن، بە ڕاستی جێی شانازییە، جێی شانازییە بۆ هەموو خەڵکی هەریمی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی زیاتر گوتی، ئەمە کارەساتێکی گەورەی مرۆیيیە، ئێمە دەبێ هەموومان لەگەڵ ئەو خوشک و برایانە بوەستین، بەڵکوو خوای گەورە ئارامییان پێ ببەخشێت. هەر لەم چوارچیوەیەدا ئەمڕۆ من لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقیش قسەمان کردووە. جەنابیان زۆر په‌رۆشه‌ و دەستبەجێ وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی ناردووەتە مووسڵ و دێنە ئێرەش. ئێمە داوامان لێ کردوون کە بە ڕاستی لێکۆڵینەوەیەکی جددی لەم ڕووداوە بکرێت و دەبێ قوربانییەکان قەرەبوو بکرێنەوە. جەنابی سەرۆک وزەیران لە بەغدا بە سوپاسەوە، بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ئەم بابەتە و بەڵینی داوە لە ئەنجومەنی وەزیران باسی بکات و هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی ئازارەکانی ئەم خەڵکە کەم ببێتەوە. هيوادارم خوای گەورە ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت. بە ڕاستی کارەساتێکی زۆر گەورەیە و هەموومان نزا دەکەین کە نەخۆشەکان بە زووترین کات چاک ببنەوە.

سەرۆكی هەرێم باسی لەوە كرد، ئەوەی لە کاديری تەندروستیی ئەم نەخۆشخانەیە، نەخۆشخانەی ئیمرجێنسیم بیست، دەڵین ئێمە دەتوانین لێرە چارەسەری هەموویان بکەین. دیسانەوە دەڵێم، سوپاسێکی گەرمی ئەو کارمەندانە دەکەم و دەستخۆشییان لێ دەکەم بۆ ئەو کارە مرۆییيەی ئەم ستافە ئه‌مڕۆ لێرە بینیم ئەنجامیان داوە. دیسانەوە سوپاسی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەریمی کوردستان، به‌ڕێزان وەزیری تەندروستی و پارێزگاری هەولێر دەکەم کە بە پەرۆشەوە هاتوون.

لە كۆتایی قسەكانیدا نێچیرڤان بارزانی رای گیەاند، لێرەوە دەمەوێ بڵێم، هەر شتێک کە پێویست بێت بۆ ئەوانە، ئێمە لە خزمەتدا دەبین و بۆیان دەکەین. ئەوانە ئازیزی ئێمەن و ئەو ئازار و کارەساتەی بەسەر ئەواندا هاتووە وا حیسابی دەکەین هی خۆمانە، هی هەرێمی کوردستانە و هی خەڵکی هەرێمە. هەموومان بە دڵ و بە گیان لەگەڵیانین، لەم ئازارەی کە ئەمڕۆ ئەوان تووشی بوون، هەموومان لەگەڵیان دەمێنینەوە، خوا ئارامی و هێزی بەرگەگرتنیان بداتێ.


وشە - تایبه‌ت