پێنج گرووپى تیرۆریستی داعش کە 55 تیرۆریست و سێ ئەمیرن لە کەرکووک، سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە، سەیدسادق، شارەزوور و پێنجوێن گیران کە پیلانیان دانابوو لە چەندان شاری هەرێم کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆ هەینى 17ى تشرینى دووەمى 2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم راگەیەندراوێکى بڵاوکردووەتەوە تیایدا هاتووە "بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم پێنج گرووپ و تاقمی تیرۆریستی داعش لە هەرێم ئاشکرا دەکەن و ئەندامەکانیان دەگرن، سێ ئەمیریش گیراون و شکست بە مەرامەکانیان دەهێنرێت کە پیلانیان دانا بوو لەچەندان شاری هەرێم کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامبدەن".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە دراوە، لە بەرئەنجامی بەدواداچوونی ورد و چاودێری دۆخی تەناهیی هەرێمی کوردستان، زانیاری سەرەتایی دەست هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم کەوت کە تیرۆریستانی داعش پیلانیان داناوە بۆ ئەنجامدانی چەندان کردەوەی تیرۆریستی لە چەند شار و ناوچەیەکی جیاجیا.
"پاش رەزامەندیی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە هەریەک لەشارەکانی سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە، شارەزوور و ناوچە دابڕێندراوەکان، ژووری ئۆپەراسیۆن پێکهێنرا و دەستبەکاربوون بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردنی هەموو جموجۆڵەکانی تیرۆریستانی داعش، سەرئەنجام پاش پێنج مانگ پشتبەستوو بە بەڵگە و زانیاریی ورد لەسەر شانە نەنستووەکانی تیرۆریستانی داعش، تەواوی جموجۆڵەکانیان لە شارەکانی هەرێم خرانە ژێر چاودێری وردەوە و دواتر ناسنامەی ئەندامانی گرووپەکان و شوێن و مانەوەیان دەستنیشانکران". لە راگەیەندراوەکەدا واهاتووە.
بەگوێرەى ناوەرۆکى راگەیەندراوەکەى بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، دوای رەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لە دەیان ئۆپەراسیۆندا 55 تیرۆریست کە ئەندامی تۆڕ و گرووپە نەنستووەکانی داعش بوون لە کەرکووک، سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە، سەیدسادق، شارەزوور و پێنجوێن، گیراون کە سیانیان ئەمیر و تیرۆریستی هەرەتاوانبارن.
لە راگەیەندراوەکەدا روون کراوەتەوە کە گرووپەکان بەگوێرەى شار و شارۆکەکان بەمشێوەیەى خوارەوە بووە:
تۆڕی یەکەم: گرووپی گەرمیان/کەلار، ژمارەیان 12 تیرۆریستە فکری توندڕەوی و تیرۆریان لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە وەرگرتووە، پەیوەندییان لەگەڵ خانەوادە و کەسوکاری چەکداری داعش بەستووە، مەرامیان بووە گرووپەکانیان فراوان بکەن، لە ئامادەکاریشدا بوون بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی و پەیداکردنی چەک کە لە رۆژانی 6 ، 31ی 8ى 2023 و 12 ، 13 ، 18ی 9ی 2023 لە 12 هەڵمەتی جیاجیادا ئەمیرو ئەندامانی گروپەکە دەستگیرکران.
تۆڕی دووهەم: گرووپی سلێمانی، ژمارەیان 17 تیرۆریستە پێوەندیی راستەوخۆیان بە تیرۆریستانی داعشەوە هەبووە و سەرپەرشتی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکارییان بۆ چەکدارانی داعش کردووە، لە خۆرێکخستن دابوون و لە باخێکدا راهێنانى سەربازییان پێ کراوە، پیلانیان داناوە بۆ ئەنجامدانی چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی، لەهەوڵی پەیداکردنی چەک و تەقەمەنیدا بوون بەڵام پێش جێبەجێکردنی مەرامەکانیان لە 21 ، 31ی 10ى 2023 لە 17 هەڵمەتی سەرکەتوودا تیرۆریستانی ئەم گرووپەش گیران، هاوکات هەردوو تیرۆریست (ئ ، خ) و (ک ، ج) لە گرتووخانەی چاکسازیی گەورانی سلێمانی کە کە لە ڕێگای مۆبایل و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە سەرپەرشتیی پێوەندی نێوان گروپەکانیان دەکرد گیران، کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە گرووپی کەرکووکەوە هەبوو، پێشتر ئەم دوو تیرۆریستە هەرەتاوانبارە لە خۆکوژەکانی تیرۆریستانی داعش بوون هەروەها هەر لەناو گرتووخانەش دەست گیرا بەسەر مۆبایل و کەلوپەلەکانیان کە بەکاریان هێنابوو، تیرۆریستی هەرەتاوانبار (ه ، م) ئەمیری گروپی سلێمانی بووە.
تۆڕی سێیەم: گرووپی کەرکووک، سەڵاحەدین (دوزخورماتوو)، ژمارەیان حەوت تیرۆریستە سەرپەرشتی گواستنەوەی تیرۆریستانی داعشیان کردوە، شوێنیان بۆ داڵدەدانی شانە نەنستووەکانی داعش دابینکردووە و ئەرکیان کڕینی چەک و تەقەمەنی بووە بۆ تیرۆریستان و پیلانیان دانابوو چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لەکەرکووک ئەنجام بدەن، دوای چاودێریکردنی وردیان و پێش ئەنجامدانی کارە تاوانکارییەکانیان لەلایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بەهاوکاریی هێزە عێراقییەکان؛ دەزگای دژەتیرۆر، بەشی هەواڵگری دووزخورماتوو و هێزی تایبەتیی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە حەوت هەڵمەتدا ( 3 ، 8 ، 15ی 10ی 2023 لە کەرکووک و دووزخورماتوو گیران، کە تیرۆریستی هەرەتاوانبار و ئەمیری گرووپەکە لە کەرکووک (ر ، م) لەو هەڵمەتانەدا گیرا.
تۆڕی چوارەم: گرووپی هەڵەبجە، پێنجوێن، سەیدسادق و شارەزوور، ژمارەیان 13 تیرۆریستە لەخۆڕێکخستن دابوون و بەشداریی چەند خولێکی مەشق و راهێنانیان لەسەر بەکارهێنانی چەک کردوەو خۆیان ئامادەکردووە بۆ ئەنجامدانی چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە سنوورەکەیان، پێشتریش ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەم گرووپە رۆیشتوونەتە ناو چەکدارانی تیرۆریستیی داعش و رێنیشاندەر و هاوکاربوونە بۆ گواستنەوەی چەکدارانی داعش و داڵدەدانیان و چارەسەرکردنی بریندارەکانیان لە ( 17 ، 31ی 10) و 7ی 11ی 2023 لە هەڵەبجە و ناڵپارێز/پێنجوێن و سەیدسادق لە 13 هەڵمەتی پلان بۆ دانراودا گیران.
تۆڕی پێنجەم: شەش تیرۆریست بوون کە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە گرووپی کەرکووکەوە هەبووە لە ( 12 ، 14ی 10ی 2023 لە شەش هەڵمەتدا لە سلێمانی گیران کە ئەرکیان گواستنەوەی ئەو کەسانە بووە کە مەرامیان بوو بچنە ناو داعش، کۆمەک و هاوکاریشیان کۆکردووەتەوە بۆ کەسوکاری تیرۆریستانی داعش.
هەروەها لە راگەیاندراوەکە زیاتر هاتووە، لە سەرجەم هەڵمەتەکاندا دەست گیراوە بەسەر چەندان پارچە چەک و مادەى تەقەمەنی و خۆکوژی و خۆپارێزی تەواوی ئەندامانی تاقم و گرووپە تیرۆریستییە گیراوەکانیش مەرامیان بوو دوای ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکانیان بچنە ناو چەکدارانی داعش.