سەرۆكی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەكانی هەولێر رای گەیاند، بەهۆی ئەوەی كاتەكانی پێدانی كارەبای موەلیدە زیادی كردووە، خشتەی تایبەتی كاركردنیان بۆ هەندێك ناوچە داناوە، تا دانیشتووانانی ئەو ناوچەیە پارەیەكی كەمتریان بۆ بێتەوە، هەندێكیشیان لە دەرەوەی ئەو خشتەیەن پارەی زیاتر وەردەگرن.
قارەمان مەولوود لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا، ئەم مانگە لە زۆربەی گەڕەكەكانی شاری هەولێر، موەلیدەكان زۆرترین سەعات كاریان كردووە، ئەوەش وادەكات لەچاو مانگەكانی پێشوو پارە بۆ خەڵك زۆر بێتەوە، چونكە لە زۆربەی ئەو گەڕەكانەی بەخشتەی حكوومەت موەلیدە كاریان كردووە، لە سەرووی 12 سەعات كارەبایان پێ كردووە.
سەرۆكی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەكانی هەولێر گوتی، ئەو موەلیدانەی بەخشتە كاریان كردووە، كەمترە لەو موەلیدانەی لە دەرەوەی خشتە كاریان كردووە، چونكە ئەوان زیاتر لە 16 سەعات كارەبایان داوە، ئەوەش ڕوونە هەر موەلیدەیەك سەعاتی كارەبای زیاتر دابێتە هاووڵاتییان، پارەی زیاتر وەردەگرێ.
سەرۆكی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەكانی هەولێر باسی لەوەش كرد، لە زستاناندا پێدانی موەلیدەی ئەهلی زیاد دەكات، ئەوەش وادەكات لەم وەرزەدا پارەی كارەبای موەلیدەكان زۆرتر بێت لەچاو مانگەكانی تر. بۆیە ئەم مانگە هەر موەلیدەیەك 15 هەزار تا 20 هەزار بۆ هەر ئەمپێرێك لە هاووڵاتییانی شاری هەولێر وەردەگرن.
كوردستان ماوەیەكی درێژە بەدەست نەبوونی كارەبای نیشتمانییەوە دەناڵێنێت، تا ئێستە سەرەڕای هەواڵەكانی حكوومەتی هەرێم، بەڵام نەتوانراوە ئەو كێشەیە بنبڕ بكرێ، بۆیە پەنا براوەتە بەر كارەبای موەلیدەكان، ئەمەش كێشەی ژینگەیی و ناڕەحەتی لەناو گەڕەكەكان دروست كردووە.
هەرێمی كوردستان لەبەرئەوەی ژێرخانی پێویستی كارەبای نەبووە، لە بەرانبەردا گەشەی دانیشتوان بەخێرایی زیاد دەكات و سەتان هەزار ئاوارەی سووری و عێراقیشی لەخۆ گرتووە، بۆیە هەرچەندە بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد دەكرێ، لە وەرزی سەرمادا خواستیش دوو ئەوەندە بەرز دەبێتەوە.
ماوەی چەند مانگێكە حكوومەتی هەرێم وەك سەرەتایەك بۆ دروستكردنی هاوسەرنگی و كەمكردنەوەی خواست، كارەبای 24 سەعاتی لە سیتییەكان و شاری ئامێدی دابین كردووە و دەركەوتووە هەم داهات لە كاتی خۆیدا دەكات و هەم نیوەی ئەو كارەبایە خەرج دەكەن كە پێشتر بەكاریان دەهێنا، بۆیە ئەگەر خەڵك هاوكار بن لەو پرۆژەیەدا، دوور نییە بە كارەبایەكی كەمتر، لە ساڵانی داهاتوودا 24 سەعات كارەبا دابین بكرێ.