سوپای عێراق لە حەفتەغار دیسان لایەنگری كرد و پێنج جووتیاری كوردی گرت

:: PM:12:18:27/11/2023 ‌
ئەمڕۆ دووشەم 27ی تشرینی دووەم، جووتیارانی گوندی مەسنوور لە ناوچەی حەفتەغار، لە كاتێكدا سەرقاڵی كێڵان و تۆوكردنی زەوییەكانیان بوون، ژمارەیەك عەرەبی هاوردە هەڵیانكوتایە سەریان و داوای چۆڵكردنی زەوییەكانیان لێ كردوون، لە ئەنجامدا گرژی و پێكدادان لە نێوانیاندا دروست بووە.

هەژار مەجید پەیامنێری "وشە" لە كەركووك ڕای گەیاند، عەرەبی هاوردە هێرشیان كردووەتە سەر جووتیارانی حەفتەغار. جووتیارانی حەفتەغار دوای پەلاماری عەرەبی هاوردە، داكۆكییان لە خۆیان كردووە، كەچی سوپای عێراق پاڵپشتیی عەرەبی هاوردەیان كردووە، پێنج لە جووتیاری كوردیان  گرتووە، لەو پەلامارەشدا جوتیارێكی كورد بریندارە.

 جێی باسە پارساڵیش بەهەمانشێوە عەرەبە هاوردەكان ویستیان زەوییەكانی گوندەكە داگیر بكەن، دوای دروستبوونی شەڕ و گرتنی چەند جووتیارێكی كورد، كۆتایی بە شەڕەكە هات.

ناوچەی حەفتە‌غار ناوچەیەكی كشتوكاڵی بەرفراوانە لە سنووری داقووق بە دووری 15 كیلۆمەتر لە شاری كەركووك، دوای هێرشەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر و باڵادەستیی سوپای عێراق لە ناوچەكە، ساڵی 2018 بەشێك لەو عەرەبە هاوردانەی گەڕابوونەوە شوێنەكانیان، دووبارە گەڕانەوە گوندەكانی حەفتەغار و كێشەی زەویوزار لە نێوان ئەوان و جووتیارانی كوردی ناوچەكە سەریهەڵداوە.
 



وشە - سۆران عەزیز