بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لەوكاتەوەی كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ لە شەقامە سەرەكییەكانی شاری هەولێر دانراون، هیچ قوربانییەكی ڕووداوی هاتوچۆ تۆمار نەكراوە، ئەوەش پێشانمان دەدات كامێراكان سوودی زۆریان هەبووە.
هێمن میرانی گوتی، پێش دانانی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ، رۆژانە رووداوی هاتوچۆمان تۆمار دەكرد، ئێستە بە دانانی ئەو كامێرانە و نەمانی ڕووداوەكانی هاتوچۆ، سەری هاووڵاتییان و ماڵی هاووڵاتی و موڵكی دەەوڵەتیش دەپارێزین، چونكە پێشتر جگە لە زیانی گیانی، زیانی مادیشمان لە رووداوەكانی هاتوچۆ زۆر بوون، لەو رووداوانەش زۆرجار شەقام و ستوونی كارەبا و تابلۆكانی هاتوچۆش بەر ئەو ڕووداوانە دەكەوتن و حكوومەتیش زیانی مادی دەكرد.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ باسی لە شەقامی تاسڵووجەی سلێمانی كرد و گوتی، بەگوتەی برایانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، لەوكاتەوەی كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ دانراون، كەمترین رووداوی هاتوچۆ لەو شارەشدا تۆمار كراون.
"لەبارەی بڕیاری قەدەغەكردنی چەك كە پێشتر وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری لەسەر دابوو، یاسای قەدەغەكردنی چەك چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و تا ئێستەش 17 هەزار هاووڵاتی چەكەكانیان تۆمار كردووە، ئەوانەشی چەكی بێ مۆڵەتیان پێ دەگیرێ، بەگوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت". هێمن میرانی وای گوت.
لەبارەی پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی كە ئێستە گلەیی لە نرخ و كاتەكەی هەیە گوتی، نرخی پاسپۆرت لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە دادەنرێت، بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكانیش هیچ بڕیارێكی نوێ لە ئارادا نییە.