كرێی كارەبای پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون بەهۆی زۆرییانەوە، چەندان جار داوا كرا حكوومەت پێیدا بچێتەوە و هەندێك كەمی بكاتەوە. گوتەبێژی دەستەی وەبەرھێنان رای گەیاند، نرخی كارەبای پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون و وەبەرھێنان ١٢٪ كەم دەكرێتەوە.
بەرگەشت ئاكرەیی گوتەبێژی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێم، لە لێدوانێكدا بۆ "وشە" راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەم نوێنەری وەزارەتی كارەبا و پارێزگاری ھەولێر و دەستەی وەبەرھێنان، لە وەزارەتی كارەبا كۆ دەبنەوە و بڕیار لەسەر نرخی كارەبای ئەو پڕۆژانە دەدرێت.
هاوكات گوتی، كەمكردنەوەی نرخی كارەبای پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون و وەبەرھێنان بەڕێژەی ١٢٪ دەبێت، ئەوە لە كاتێكدایە چەندان پێشنیار هەن ئەمڕۆ گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، دوای گفتوگۆكردن لەسەریان دەكرێنە بڕیار و نرخی كارەبای یەكەكانی نیشتەجێبوون و پڕۆژەكانی وەبەرھێنان، بە یاسا رێكدەخرێن، بەشێوەیەك لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتییاندا بێت.