لە باكوری كوردستان قازی مووش خواستێكی زۆری لەسەرە

:: AM:11:12:29/11/2023 ‌
 مووش ناوچەیەكی بەپیت و پڕ لەوەڕگەی سروشتیی هەیە، ئەمەش وایكردووە بەروبوومی ئاژەڵ و پەلەوەری ئەو ناوچەیە بەتام بێت و خواستی زۆری لەسەر بێت، ساڵانە زیاتر لە ١٠٢ هەزار و ٤٥٨ قاز لە پارێزگای مووش بەرهەم دێت.

مووش یەكێك لە شارەكانی باكوری كوردستانە، بەپێی سەرژمێرییەكانی ساڵی ٢٠٠٨، ژمارەی دانیشتووانی ١٦٨٫٨١٧ كەس بووە. ئەم ناوچەیە ناوچەیەكی كشتوكاڵییە و بەروبوومی جۆراوجۆری كشتوكاڵی هەیە، بەهۆی لەوەڕگەی زۆر و كانی و رووبارەكانیەوە، بە ناوچەیەكی دڵڕفێن دێتە هەژمار.

بەڕێوەبەری كشتوكاڵ و دارستانی مووش مەهمەت گوین رای گەیاند، لە رووی بەروبوومی پەلەوەرییەوە، مووش رێژەیەكی زۆر پەلەوەری هەیە و بەهۆی ئەوەش كە گژوگیا و لەوەڕی سروشتی زۆرە، ئاژەڵ و پەلەوەری ئەم ناوچەیە، تایبەتە و ناوبانگێكی زۆری لە توركیا هەیە.

گوتیشی، قاز لە مووش بە رێژەیەكی زۆر بەخێو دەكرێت كە ناوبانگی لە هەموو توركیا و دەرەوەش هەیە، مووش ساڵانە زیاتر لە ١٠٢ هەزار و ٤٥٨ قاز بەرهەم دێنێت. ئەم ڕێژەیەش بژێوی ژیانی نزیكەی ١٥٠ خێزانی لەسەرە. 

باكوری كوردستان زۆربەی پارێزگاكانی رێژەیەكی زۆری كشتوكاڵ و پەلەوەر و ئاژەڵی زۆری تێدا بەخێو دەكرێت، ئەمەش وایكردووە سەرچاوەیەكی داهاتی باش لەو پارێزگایانەدا هەبن و بۆ توركیاش بووەتە پاڵپشتییەكی بەهێزی ئابووری.



وشە - سۆران عەزیز