شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز کۆبوونەوە

:: PM:08:12:10/12/2023 ‌
تایبەت بە دوایین پێشهاتەکانی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا سەبارەت بە یاسای بودجە و نەوت، شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێم، لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز کۆبوونەوە.

ماڵپەڕی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەم 10ی کانوونی یەکەمی 2023، لە باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیران شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێم، لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز کۆبوونەتەوە و باس لە دوایین پێشهاتەکانی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا سەبارەت بە یاسای بودجە و نەوت کراوە، هەروەها تیشک خراوەتە سەر هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم لە چوارچێوەی بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم بە ئاراستەی چارەسەری کێشەکان.

بەگوێرەی ئەو بڵاوكراوەیەی ماڵپەڕی فەرمیی حكوومەت، لە كۆبوونەوەكەدا دووپات لە نیازی حکوومەتی هەرێم بۆ چارەسەری ریشەیی كراوەتەوە، هەروەها ئاماژە دراوە ئەوەی لەسەر حکوومەتی هەرێم بووە ئەنجامی داوە تا گفتوگۆکان بگەنە ڕێکكەوتن و چارەسەر.

هرەوەها لە بڵاوكراوەكەدا ئاماژە دراوە بە کۆبوونەوەی هاوبەشی حکوومەتی هەرێم و شاندی باڵای وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، کە هەرێمی کوردستان ئەوەی پێویست بووە لە زانیاری و داتا و بەڵگەنامەکان خستویەتییە بەردەم وەزارەتی نەوتی عیراق.

لە بڵاوكراوەكەدا زیاتر هاتووە، پوختەی کۆنووسی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەرێم و بەغدا کە تا ئێستا هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی دواهەڵوێستی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵە، سەبارەت بە پێشنیارەکانی هاتوو لە میانەی کۆبوونەوەکانی هەردوولا لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا لە هەولێر، بیروڕایان لەبارەیەوە ئاڵوگۆرکراوە.

زیاتر هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا خواستی هەرێم بۆ هەرچی زوو دەست پێ کردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان خراوەتەڕوو، کە ئەم بابەتەش پێویستیی بە دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو لایەکە سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت.

"باس لەو ئالنگاریانە کرا کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو هاتۆتە پێش کۆمپانیاکانی نەوت، کە بەهۆی بارودۆخی ئابووری بۆیان دروستبووە، بەسوپاسەوە تیشک خرایە سەر خۆڕاگریی کۆمپانیاکان لەبەرانبەر ئەو ئاستەنگانەی کە هەن، ئاماژەش بەوەدرا بە پێکەوەیی لەگەڵ حکومەتی هەرێم کارەکانیان سەرکەوتووتر دەبن، و بڕیار درا کە ئەم جۆرە کۆبوونەوە هاوبەشانە بەردەوام بن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە پێناوی دەست پێ کردنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، کە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە بوژاندنەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق" لە كۆتایی بڵاوكراوەكەدا واهاتووە.

لە 25ی ئاداری ئەمساڵەوە و بەپێی بڕیارێكی دادگای پاریس، هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان وەستاوە.


وشە - رزگار خدر