مەسروور بارزانی: کوردستان بەرەو قۆناخێکی نوێ هەنگاو دەنێت

:: PM:08:24:31/05/2024 ‌

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا داوا لە مووچەخۆرانی كوردستان دەكات، سوودمەند بن لە خزمەتگوزاریی بانکی.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 31ی ئایار، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كورتەپەیامێكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاوی كردووەتەوە، نووسویەتی: هیوادارم مووچەخۆران بەردەوام بن لە تۆمارکردنی خۆیان بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بە شێوازێکی مۆدێرن و سوودمەند بن لە خزمەتگوزاریی بانکی.

هەر لە پەیامەكەیدا سەرۆكی حكوومەت مژدە بە هەموو خەڵكی كوردستان دەدات و نووسیویەتی: کوردستان و ئابووریەکەی بەرەو قۆناخێکی نوێ هەنگاو دەنێت.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانەی زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسان و سەركردە باڵاكانی عێراق لە شاری بەغدا، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، مژدە بە هاووڵاتیانی خۆمان دەدەین كە هەنگاوی ڕژد بەرەو چارەسەربوونی كێشەكان نراوە.


وشە - عەبدوڵا عومەر