راگەیەنراوێك لە ئاسایشی هەولێرەوە

:: PM:09:47:10/06/2024 ‌
دوو مانگ لەمەوبەر لە شاری موسڵ، هاووڵاتییەك كوژرا و تۆمەتبارەكانیش هەڵاتن بۆ شاری هەولێر و خۆیان حەشار دابوو، بە هاوئاهەنگی پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم شوێنی بكوژەكان لە هەولێر دیاری كران و گیران. 

ئەمڕۆ 10ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بڵاوی كردەوە، لە چواری نیسانی 2024، لە گەڕەكی "میساق"ی شاری مووسڵ، هاووڵاتییەك بەناوی "عارف حامید" كوژرا. 

ئاسایش روونی كردووەتەوە، دوای ئەنجامدانی تاوانەكە بكوژەكان هەڵاتن بۆ شاری هەولێر و خۆشیان لە شوێنێك حەشار دابوو، لەلایەن پۆلیسی مووسڵەوە بە رێگەی ژووری هاوئاهەنگیی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگەدار كرایەوە و دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لە لایەن هێزەكانی ئاسایشەوە شوێنی بكوژ دیاری كرا. 

لە زانیارییەكانی ناو راگەیەنراوەكەی ئاسایش زیاتر هاتووە، بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر و بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دوو تۆمەتبار بە ناوی (ح.س.أ) و (ع.س.ـأ) لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە گیران، دەركەوت كە هۆكاری كوشتنەكە دەگەڕێتەوە بۆ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی نێوان هەردوو لا.

ڤیدیۆی ساتی ئەنجامدانی تاوانەكە لێرە ببینە..


وشە - پۆڵا مەحموود