ئاگادارییەكی گرنگ بۆ مووچەخۆران

:: PM:10:40:10/06/2024 ‌
دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خشتەی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی بڵاو كردەوە، تیمی هەژماری من لە نەخشەدا ناونیشانی گشت ئامێرەكانی راكێشانی پارەی سەر بە پڕۆژەی "هەژماری من"ی لە پارێزگاى هەولێر بڵاو كردەوە. 

بەپێی ئەو ناونیشانانەی كە لە نەخشەكەدا دانراوە، مووچەخۆران سبەی دەتوانن لە 32 بنكەی تایبەت بە ئامێری راكێشانی پارە ATM لە شاری هەولێر مووچەكانیان وەربگرن. 


جێگەی ئاماژەیە بەراورد بە مانگی رابردوو، 20 بنكەی تر لە ناو شاری هەولێر بۆ راكێشانی پارە زیادی كردووە و ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەیش كە ئەم مانگە لە رێگەی هەژماری منەوە مووچەكانیان وەردەگرن دەگاتە 50 هەزار مووچەخۆر. 

بەپێی ئەو ئامارەی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاو كراوەتەوە، تا ئێستە زیاتر لە 400 هەزار مووچەخۆر خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار كردووە و لە ئێستەدا 235 ئامێری راكێشانی پارە لە سەرتاسەری كوردستان بەردەستن، پلان وایە تا ساڵی نوێ ژمارەی ئامێرەكان بەرز ببێتەوە بۆ هەزار ئامێر.




وشە - پۆڵا مەحموود