بڕە پارەیەكی تر گەیشت و دوای جەژن دابەش دەكرێ‌

:: AM:08:58:15/06/2024 ‌
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، پارەی گەنمی جووتیاران گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان و دوای جەژن دابەشی دەكەن.

ئەمڕۆ شەموو 15ـی حوزەیران، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیدا هاتووە، وەجبەی دووەمی چەكی پارەی گەنمی جووتیاران گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان، دوای جەژن دەست بە ڕێكارە كارگێڕییەكان دەكەن بۆ ئەوەی بە زووترین كات بەسەر جووتیاران دابەش بكرێت.

باس لەوەش كراوە، كۆی ئەو بڕە پارەیەی گەیشتووە 20 ملیار دینارە، 10 ملیار دیناری بۆ پارێزگای سلێمانی، شەش ملیار دینار بۆ پارێزگای هەولێر، چوار ملیار دینار بۆ پارێزگای دهۆكە.

پێشتریش وەك وەجبەی یەكەمی پارەی گەنمی جووتیاران، بڕی شەش ملیار دینار گەیشتە هەرێمی كوردستان.

رۆژی شەشی حوزەیران، دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران كرا و پرۆسەكە ماوەی 40 رۆژ دەخایەنێت، هەر جووتیارێك وەزارەتی كشتوكاڵ پشتگیریی كردبێت و گەنمەكەی تۆمار كردبێت، لێی وەردەگیرێت.

هەرچەندە حكوومەتی عێراق ستەمی لە جووتیارانی كوردستان كردووە كە بڕی گەنمی بەرهەمهێنراوی كوردستان زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار تۆن گەنمە، بەڵام تەنیا بڕی 700 هەزار تۆن وەردەگرێت.



وشە - رامیار جەواد