ئەو ئاوەی لە تونێلی بەنی هەریر بەفیڕۆ دەچوو حكوومەت كردیە پڕۆژەیەكی ژینگەیی

:: PM:12:07:15/06/2024 ‌
شارەزایەك لە بواری سەرچاوەكانی ئاو رای گەیاند، حكوومەت بۆ سوودوەرگرتن لەو ئاوەی لە تونێلی بەنی هەریر دەردەچێت، پڕۆژەیەكی پەسند كرد و چیتر ئەو ئاوە بەفیڕۆ ناچێت، بەڵكو دارستانێكی دەستكردنی لەسەر دروست دەكرێت.

ئەمڕۆ شەموو 15ـی حوزەیران، پێشەوا بارزان شارەزا لە بواری سەرچاوەكانی ئاو، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە سەرەتای دروستبوونی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان،  پاراستنی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی، ئیدارەدانی سەرچاوەكانی ئاوی بە یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی كاری حكوومەتەكەی زانیوە، بۆیە خۆشبەختانە بیرۆكەی بەكارهێنانی ئەو ئاوە بەفیڕۆچووەی پەسند كرد كە لە تونێلی بەنی هەریر دەردەچێت، ئەوەیش بۆ دروستكردنی دارستان لە شوێنی نزیك تونێلەكە.

زیاتر گوتی، ھەر لەسەر ئەم بنەمایەش بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەكانی ئاو، بەئەركی خۆی زانی بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە بارودۆخەكە،  تیمێكی تەكنیكی لە ئەندازیار و جیۆلۆجی سەردانی شوێنەكە بكەن و تاوتوێی باردۆخەكە بكەن، دوای تاوتوێكردنی باردۆخەكە و  ئامادەكردنی ڕاپۆرت و  دروستكردنی نەخشە و دەرخستەی بەرایی، بەباش زانرا  لەبری ئەوەی ئاوەكە بە فیڕۆ  بڕوات،  بەكار بهێنرێت بۆ دروستكردنی پڕۆژەكی دارستانی دەستكرد لە خوار تونێلەكە، ئاوەكە بە لێژایی خۆی بێ بەكارهێنانی پەمپ، بڕوات بۆ شوێنی دارستانەكە.

باسی لەوەش كرد، ئەو ئاوەی كە لە تونێلی چیای بەنی هەریر پەیدا بووە، لە ئەنجامی هەڵكۆڵینی تونێلەكە بوو، بڕەكەی  كە لەلایەن ستافی هایدرۆلۆجی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەكانی ئاو پێوراوە، بە نزیكەی 30 لیترە لە چركەیەك 

روونی كردەوە، پڕۆژەكانی بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو تەنیا تایبەت نین بە ڕێكخستن و دابینكردنی پێداویستییە ئاوییەكان، بەڵكو دەبێت بەشێكیان تایبەت بن بەڕێگریكردن لە ڕوودانی كارەساتی وەك لافاو و كەمكردنەوەی دیاردە نەخوازراوەكانی وەك ڕاماڵینی خاك لە حەوزی ڕووبارەكان یان هەر ئاوێك بەفیڕۆ بڕوات، ئەركی دامەزراوەی سەرچاوەكانی ئاوە كە تاوتوێی بكات و سوودی لێ وەربگرێت و نەهێڵێت بە فیڕۆ بڕوات.



وشە - رامیار جەواد