ساڵێك بەسەر كوژرانی خواناس تێپەڕ دەبێت و باوكی نامەیەك بڵاو دەكاتەوە

:: PM:01:07:22/06/2024 ‌
ساڵێك پێش ئێستە گەنجێك بەناوی خواناس كوژرا، چەندان دادگایی بۆ بكوژەكە ئەنجام دراوە و تا ئێستە بڕیاری كۆتایی دەرنەچووە، باوكی خواناسیش لە نامەیەكی دەڵێت، زۆر ئازاری ئێمە درا، خواناس بە 10 فیشەك كوژرا، بەڵام هەزاران فیشەك نرا بەئێمەوە، كەسایەتیمان ڕووشێنرا.

ئەمڕۆ شەموو 22ـی حوزەیران، وریا گلی لە نامەیەكدا بڵاوی كردووەتەوە و لەبارەی كوژرانی كوڕەكەی دەڵێت، ساڵێك بەر لە ئێستە لە ڕۆژی پێنجشەم دوای نیوەڕۆ، بەدەستێكی تاوانبار و دڵێكی ڕەش خواناس  لە 25 ساڵی كوژرا.

باس لەوەش دەكات، دوای كوشتنی خواناس، بێویژدانانە و نامرۆڤانە كەوتنە قسەكردن و جنێودان بە خواناسی ستەملێكراو، بەمەشەوە نەوەستان ئێمەشیان وەك باوك و دایكی خواناس جنێوباران كرد، هەروەها بەنەمانی خواناس جەرگی دایك و باوكێك سووتا، ژنێك بێوەژن بوو، منداڵێك هەتیو كەوت، زۆر كاریگەریی خراپی تری لێ كەوتەوە.

لە نامەكەی باوكی خواناسدا هاتووە، زۆر سەیر بوو هیچ كەس ڕاستی ڕووداوەكەی نەدەزانی و قسەیان لەسەر دەكرد، ڤیدیۆ و پۆستی دوو ساڵ پێشتری خواناس بڵاو دەكرایەوە و وا پێشان دەدرا لەسەر ئەوە كوژرابێ، هەر ئەوەنا قسە لەسەر نادیار و غەیب دەكرا، بۆ نموونە دەگوترا ئێستە لە گۆڕەكە داخ دەكرێی، ئێستە شەقشەقێن دەكرێی..... هتد، باشە ئەمانە شتی ئەودیون، كێ دەزانێ لە گۆڕدا دەگوزەرێ؟!

لە نامەكەی باوكی خواناسدا هاتووە، زۆر ئازاری ئێمە درا، خواناس بە 10 فیشەك كوژرا، بەڵام هەزاران فیشەك نرا بەئێمەوە، كەسایەتیمان ڕووشێنرا، دوای یەك ڕۆژ بەهاوكاریی بنەماڵەی بكوژ، بكوژ ڕادەست كرا.

"ئێستە سێ دانیشتنی دادگا بەڕێوە چووە، تاوانبار ددانی بەهەموو شتێكدا ناوە، بەڵام بڕیاری سزاكەی دەرنەچووە، كەسانی پشت بكوژ نەگیراون، چونكە بكوژ پلاندانەر و پیلانداڕێژەر و پاڵنەری هەبووە، بۆیە وەك خێزانی خواناس تاكە ڕێمان  بۆ جێگیركردنی دادپەروەری دادگا بووە، چاوەڕێی بڕیاری دادگاین بۆ بەسزاگەیاندنی بكوژی كوڕەكەمان. داواكارین گەنجان لە دیدی توندڕەوی دوور بخەینەوە بە هەموومان تا ژیانێكی شایستە بۆ گەنجان دەستەبەر بكەین، دیدی پێكەوەژیان بچەسپێنێن و ڕووبەڕووی كوشتن و بوەستینەوە.

لە كۆتایی نامەكەی باوكی خواناسدا هاتووە، دەمانەوێت بەهەمووان بڵێین با یاسا سەروەر بێت و تاوانبار بەسزای خۆی بگات، هەروەها داواكارم تاوانبارانی پشتەوەی بكوژ بگیرێن و سزای یاسایی بدرێن.



وشە - رامیار جەواد