سەنتەری میترۆ داوای دەستبەجێ ئازادكردنی ئەو گەنجەی هەڵەبجە دەكات كە لەسەر كۆمێنت گیراوە

:: PM:09:21:29/06/2024 ‌
دوای ئەوەی گەنجێك لە هەڵەبجە بەهۆی نووسینی كۆمێنتێك لە پەیجێكی فەیسبووكەوە، لەلایەن قایمقامیەتی هەڵەبجەوە سكاڵای بەرانبەر تۆمار كراو گیرا، سەنتەری میترۆ لە بەیاننامەیەكدا نیگەرانیی خۆی لە گرتنى گەنجەكەی هەڵەبجە دەربڕی و داوای دەستبەجێ ئازادكردنی كرد. 

ئەمڕۆ شەموو 29ی حوزەیرانی 2024، لە بەیاننامەیەكی سەنتەری میترۆدا هاتووە، سەنتەری میترۆ نیگەرانی و بێزاری خۆی لە زیندانیکردنی گەنجێک لە شاری هەڵەبجەی شەهید دەردەبڕێت بەهۆی نووسینی کۆمێنتێکەوە لە پەیجێکی فەیسبووک. 

سەنتەرەكە روونی كردووەتەوە، بەپێی زانیارییەکانی "میترۆ" گەنجەکە کە ناوی "بڕیار کەمال محەمەد" لەدایکبووی 1999یەو لە ڕۆژی چوار شەمەوە لە سەر سکاڵای قایمقامییەتی هەڵەبجە گیراوە و داوای ئازادکردنیشی بە کەفیل لە دادگا لە لایەن کەسوکارییەوە ڕەت کراوەتەوە.

لە بەشێكی تری بەیاننامەكەی سەنتەری میترۆدا هاتووە، ئەم جۆرە لە توندکردنی سزا لەسەر دەربڕین و گرتن لە رۆژانی کۆتایی دەوام ئاماژەنمایەکی خراپ و مەترسییە لەسەر ئازادی و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو گەنجە و داخستنی دۆسیەکەی دەكەین، چونکە زیندانیکردن لەسەر کۆمێنت مایەی نیگەرانی و پێشینەیەکی خراپە.


وشە - پۆڵا مەحموود