بەڕێوەبەری چاككردن و پاراستنی رێگەوبانی سۆران رای گەیاند، بەشی سەرەكی ئەو رێگەیەی كە چاك دەكرێتەوە، دەكەوێتە نێوان ناوپردان-ئێنێ، بە چاككردنی رێگەكە گوندنشینان و گەشتیار و جووتیاران سوودمەند دەبن.
لەناوپردان تا دەگاتە پرژێ ڕێگەكە زۆرینەی خراپ بووە و بە بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو شوێنانەی كە چاڵ و چۆڵییان تێدایە چاك دەكرێن، بەمەش هەم گوندنشینان هەم گەشتیار و هەم جووتیاران لێی سوودمەند دەبن.
خوسرەت سادق بەڕێوەبەری چاككردن و پاراستنی رێگەوبانی سۆران، بە "وشە"ی راگەیاند، لەناوپردان تا دەگەنە پڕژێ، لە هەر شوێنێ رێگەكە تێكچووبێت چاك دەكرێتەوە.
بەڕێوەبەری چاككردن و پاراستنی رێگەوبانی سۆران ئەوەشی گوت، ئەو شوێنانە بەهۆی هەڵكەوتەیان لە كوێستانەكاندا و بەردەوام بەهۆی بارینی باران و بەفرەوە خراپ دەبن، زستانان وایان لێ دێت بۆ ئۆتۆمبێلی بچووك ئەستەم دەبێت تێیدا هاتوچۆ بكرێت.
ئەو رێگەیەی حكوومەتی هەرێم بڕیاری داوە چاكی بكاتەوە، رێگەی 10 گوندی لەسەرە و لە سەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، نزیك 280 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە.
بەڕێوەبەری چاككردن و پاراستنی رێگەوبانی سۆران باسی لەوەش كرد لە هەر شوێنێك رێگەكە داڕمابێت، دیواری پاڵپشت بۆ رێگەكە دروست دەكرێت، خاكی رێگەكە گۆڕا بە بەرد و پڕمان كردەوە، بۆ ئەوەی جارێكی تر تووشی داڕمان نەبێت.