سوودانی خۆی سەرپەرشتیی دۆسیەی لێكۆڵینەوەی كارگە تریاكەكەی یەكێتی دەكات

:: PM:02:56:24/12/2024 ‌
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە پێنج مانگ لە دەستبەسەرداگرتنی تاقیگەیەكی مادە هۆشبەرەكان لە نزیك دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی، سەرەڕای پێداگریی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەسەر بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە، بەڵام بەرپرسانی سنوورەكە رێگریی لە لێكۆڵینەوەكان دەكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 24ـی كانوونی یەكەم، پێگەی جبال راپۆرتێكی لەسەر كارگەی بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەكەی بەرپرسێكی یەكێتی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستی كەوتوون، ئەو كارگەیە بۆ هێنانی كەرەستەی خاو لە وڵاتانی دراوسێ و بەرهەمهێنانی حەبی كپتاگۆن بەكار هاتووە كە لە ناوخۆدا دەفرۆشرێت و بە قاچاخ لە سنوورەكانەوە دەگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی دراوسێش.

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی ئەو پێگەیە دەستی كەوتووە، ئێستە لێكۆڵینەوەكان بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجام دەدرێن، بەو پێیەی وەزارەتی ناوخۆ ڕێنوێنی و بڕیاری دەركردووە بۆ بەدواداچوون نەك تەنیا بۆ تاقیگەكە، بەڵكو زانینی خاوەنداریەتییەكەشی.

روون كراوەتەوە، لە ڕاپۆرتی هەواڵگریی عێراقدا داوا كراوە، دەبێت بزانرێت چۆن ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سلێمانییان كردە ڕێگەیەكی گەورەی بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكانەوە.

راپۆرتەكە شێوازی دامەزراندن و هێنانی ئەو كارگەیەی روون كردووەتەوە، بازرگانانی مادە هۆشبەرەكان لە ئۆزبەكستان و ئەفغانستان و ئێرانەوە كەرەستەكانیان كڕیوە و لە ڕێگەی شاری بانە لە ڕۆژئاوای ئێرانەوە گواستیانەوە بۆ ناوچەكە، دوایی بەرهەمهێنانی حەبی كپتاگۆن و لەڕێگەی كفری و لەوێشەوە بۆ پارێزگاكانی تری وەك بەغدا و ئەنبار گواستوویانەتەوە.

میقداد میری گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بەو پێگەیەی راگەیاندووە، قەبارەی ئەو مادە هۆشبەرانەی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دەستیان بەسەردا گیراوە، نزیكەی 210% زیادی كردووە، هەروەها لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لانیكەم 569 تۆڕی قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەكان هەڵوەشاونەتەوە.

میری باسی لە تاقیگەی نزیك دەربەندیخان كرد و گوتی، لیژنەیەكی تایبەتمەند بۆ لێكۆڵینەوە لە تاقیگەكە پێكهێنراوە، لێكۆڵینەوەكانیش نەوەستاون.

ئەو پێگەیە زیاتر بەدواداچوونی بۆ لێكۆڵینەوەكان كردووە و دەڵێت، كەسایەتییە سیاسییە كاریگەرەكانی ناوچەكە، چەندان جار ئاستەنگیان بۆ لێكۆڵینەوە بەردەوامەكان دروست كردووە، بەهۆی ئەو بڕە پارە زۆرەی كە لەم بازرگانییە بەدەستی دەهێنن، چەند كەسێكیش گیراون، بەڵام زۆر لە لایەنەكان پێیان وایە گیراوەكان بەرپرسیار نەبوون لە دامەزراندنی تاقیگەكە، تەنانەت ئاگاداری ئەوەش نەبوون كە لەناو تاقیگەكەدا چی دەگوزەرێت.

پێشتر لاهوور تاڵەبانی هاوسەرۆكی پێشووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بوونی تاقیگەی دەرمانی لەو شارە پشتڕاست كردەوە.

ئەو پێگەیە لەگەڵ ژمارەیەك لە بازرگانانی مادە هۆشبەرەكان قسەی كردووە كە ئێستە لە گرتووخانەكانی هەرێمی كوردستان سزاكانیان بەسەر دەبەن. ئەوان ڕوونیان كردەوە كە هەندێكیان بە جۆرێك فریو دراون بۆ بازرگانی، لە كاتێكدا هەندێكی تر بە تەماحەوە سەركردایەتی كراون بۆ ئەوەی ئەم ڕێگەیە بگرنەبەر.

یەكێك لە سزادراوەكان بە مەرجی ئەوەی ناوی ئاشكرا نەكرێت گوتی، جارێكیان براكەم داوای لێ كردم بڕێكی زۆر مادەی هۆشبەر لە ئێرانەوە لە ڕێگەی هەڵەبجەوە بگوازمەوە، سەرەتا ترسم هەبوو، بەڵام پێی گوتم كە ئەوان گومانیان لە ژن نییە.

ئاماژەی بەوەش كرد، دووجار ئەو كارەی كرد، بۆیە چیتر نەترساوە، بەڵام جارێكیان ڕوون بوو كە كەسێك ڕاپۆرتی لێ‌ داون و ئەویش لە یەكێك لە بازگەكانی هەولێر گیراوە.

هەندێكی تر پێیان وایە زۆربەی ئەوانەی بەشدارن لە بازرگانیی مادە هۆشبەرەكاندا، بەهۆی تەماحەوە پاڵ دەنرێن و ئەو پارەیەی پێشكەشیان دەكرێت، زۆرجار بڕە پارەیەكە كە ناتوانن ڕەتی بكەنەوە.

یەكێك لە سزادراوان دەڵێت، دەبێت جیاوازی هەبێت لە نێوان بازرگانێكی سەرەكی و ئەو كەسانەی دەیانگوازنەوە و نزیكەی 90%ی ئەوانەی گیراون، كەسانێكن كە تەنیا كەرەستە دەگوازنەوە. دەشڵێت بەڵام با باوەڕ بەو شتە نەكەین هەموو ئەم كەسانە فریودراون، لە هەندێك حاڵەتدا.

بەرپرسێك لە بەشی كۆنتڕۆڵی مادە هۆشبەرەكان لە هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، لە ماوەی حەوت مانگدا هێزە ئەمنییەكان هەزار و تۆمەتباریان گرتووە كە 529 بازرگان و 474 كەسیان بەكارهێنەر بوون ئاماژەی بەوەشكرد، لەكاتی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەكاندا 194 كیلۆ حەبی مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.

ئەو بەرپرسە ڕوونیشیكردەوە، لە ماوەی ئەو هەڵمەتە حەوت مانگەدا، بەشی كۆنتڕۆڵی مادە هۆشبەرەكان دەستیان بەسەر زیاتر لە 170 كیلۆگرام مادەی كریستاڵ میتامفیتامین و 653 گرام هێرۆین و 177 گرام حەشیش و 21 كیلۆ تلیاك و 398 گرام ماریجوانادا گرتووە.

بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكان بووەتە تەحەدایەكی گەورە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، بەو پێیەی سەرنجی وڵاتەكە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە گۆڕاوە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی مادە هۆشبەرەكان لە هەڵكشاندایە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2024 ڕای گەیاند، لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا دەستیان بەسەر زیاتر لە 1.5 تۆن مادەی هۆشبەردا گرتووە، بە گشتی پێنج تۆن لە ماوەی دوو ساڵدا دەستی بەسەردا گیراوە.

سەرەڕای سەپاندنی سزای توند، بەڵام عێراق هێشتا بەدەست كێشەیەكی مادە هۆشبەرەكانەوە دەناڵێنێت كە لە دوای داگیركاریی ئەموریكا بۆ سەر ئەو وڵاتە لە ساڵی 2003 توندتر بووە.



وشە - رامیار جەواد