بەرپرسێكی گەشتوگوزاری دهۆك ڕای گەیاند، كۆمەڵێك پڕۆژەی گەشتیاری لە دهۆك كراونەتەوە، لە شوێنەكان گرنگیی زۆر بە زمانی كوردی دەدرێت و ئەوەیش بۆ پێشخستن و زیاتركردنی ژمارەی گەشتیارانە.
ئەمڕۆ سێشەم حەوتی كانوونی دووەم، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزار لە پارێزگای دهۆك، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لە ساڵی 2024 بەبەراورد بە 2023، ژمارەی گەشتیاران لە پارێزگای دهۆك لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و ناوچە و شارەكانی تری عێراقەوە كەمی كردووە، لە 2023 گەشتیاری زیاتر روویان لە دهۆك كردووە، وێڕای ئەوەی ساڵی ڕابردوو ژمارەیەك پڕۆژەی نوێی گەشتیاری لە پارێزگاكە كراونەتەوە.
ئاماژەی بەوەیش دا كە ڕێژەی دامەزراندنی ناوخۆیی لە شوێنە گەشتیارییەكاندا گەیشتووەتە 100% و گرنگیی زیاتر بە زمانی دایك دەدرێت كە "كوردییە"، كارمەندەكان كوردن و لەسەر تابلۆی دوكان و خواردنگەكانیش و هۆتێلەكان گرنگی بە زمانی كوردی دراوە.
گوتیشی ئاسانكاریی تەواو كراوە و كەمكردنەوەی رێژەی 20%ی كرێ هاندانێكی باشە بۆ پەرەپێدان لە كەرتی گەشتوگوزار، ئەمەش بووەتە هۆی كردنەوەی 76 ناوچەی گەشتیاریی نوێ لە دهۆك كە 12ی هۆتێل و مۆتێل بوون.
خەیری عەلی گوتی، "ئێستە 900 شوێنی گەشتیاری لە سەرانسەری پارێزگاكە هەن".
دهۆك بە دیمەنە جوانەكەی ناسراوە كە بە شاخ و دۆڵەكان دەورە دراوە، هەروەها ناوەندێكی گرنگی ڕۆشنبیری و ئابوورییە لە هەرێمی كوردستاندا، ئەمەیش وایكردووە ساڵانە گەشتیارێكی زۆر ڕوو لەو شارە بكەن.