بەپێی ڕاگەیاندراوێكی سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر، شەقامی سەرەكیی بەحركە بۆ نۆژەنكردنەوە تا ماوەیەكی دیاریكراو دادەخرێت.
ئەمڕۆ هەینی، 17ی كانوونی دووەم، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بڵاوی كردەوە، پرۆژەی قیرتاوکردنی شەقامی سەرەکیی بەحرکە لە شەقامی (١٠٠) مەتری تا شەقامی (١٥٠) مەتری بە گوژمەی یەک ملیار و 645 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێ بەجێ دەکات.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بۆ ئەم مەبەستە داوا لە شۆفیران و هاوڵاتیان دەکەین ڕۆژی یەکشەم، 19ی كانوونی دووەم، بۆ هاتوچۆکردن لەو ڕێگایە هاوکارمان بن و ئەم ماوەیە وەک قۆناغی یەکەم لە شەقامی (١٠٠)م تا (١٢٠)م دادەخرێت، دەتوانن شەقامی دیکە وەک جێگرەوە بە کار بهێنن بە ئاڕاستەی چوون بۆ بەحرکە.