نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە تۆبیاس لیندەر وەزیری وڵات لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا كرد.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی كانوونی دووەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە تۆبیاس لیندنەر وەزیری وڵات لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و ڕێكخەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ كاروباری سووریا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا برەودان بە پێوەندییەكانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، پێوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمان و دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان، گۆڕانكارییەكانی سووریا و دواین پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ كران.
نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ هاوكاری و پشتگیریی بەردەوامی ئەڵمانیا لە بوارەكانی سەربازی و سیاسی و مرۆییدا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دەربڕی، هەروەها دووپاتی لە خواستی هەرێمی كوردستان بۆ فراوانكردنی هاریكاریی هاوبەش لەگەڵ ئەڵمانیا لە هەموو بوارەكاندا كردەوە.
لای خۆیەوە لیندنەر سەرسامیی خۆی بە پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ڕێژەی بەرزی بەشداریی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردندا دەربڕی، هەروەها لەبارەی هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بیروڕای گۆڕییەوە.
لەبارەی دۆخی ناوچەكەش، هەردوولا داكۆكییان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و هاریكاریی هەموو لایەك بۆ دوورخستنەوەی ناوچەكە لە ئاڵۆزیی زیاتر كردەوە.