كەسێكی نزیكی وەهاب هەڵەبجەیی دەبێتە بەڕێوەبەری ئاسایشی شارەزوور

:: PM:06:54:29/01/2025 ‌
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، بەڕێوەبەری گشتیی نوێی ئاسایشی شارەزوور دابنرێت كە كەسێكی نزیكی وەهاب هەڵەبجەییە و فەرمانەكەیشی بە نهێنێ‌ دەرچووە. 

لە چەند رۆژی داهاتوودا، لیوا نەوشیروان ئەحمەد بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی عێراق، خانەنشین دەبێت و لە پۆستەكەیدا نامێنێت. 

"وشە" لە زاری سەرچاوەیەكی بەرپرسی ناو ئاسایشی شارەزوورەوە زانیاری ئەوەی پێ دراوە كە عەمیدی ئاسایش عەبدوڵا حاجی عومەر هەڵەبجەیی دەكرێتە بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی شارەزوور. 

سەرچاوەكە گوتی، عەمید عەبدوڵا كاندیدی وەهاب هەڵەبجەیی بووە، بە فەرمانێكی نهێنی هەموو كارەكانی بۆ تەواو كراوە تا راستەوخۆ دەستبەكار بێت و دەست نەخرێتە كاروبارەكان دوای چۆڵ بوونی ئەو پۆستە.

هەمان سەرچاوە دووپاتی كردەوە، لەناو دەزگا تەناهییەكانی سنوورەكەدا عەمید عەبدوڵا هەڵەبجەیی ناحەزی زۆرن، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدرێت كە بەبێ‌ كێشە لە پۆستەكەیدا دەستبەكار بێت.


وشە - وشه‌