"لە ئایندەیەکى نزیکدا پڕۆژەى ڕووناکى دەگاتە تەواوى گەڕەکەکانى سلێمانى"

:: AM:11:35:07/03/2025 ‌
بەڕێوەبەراتیی گشتیی کارەبارى سلێمانى بڵاوى کردەوە، شەوی رابردوو لە هەردوو وێستگەی ناوەندی شار و مەڵکەندی، یەکەم قۆناغی  "پڕۆژەی رووناکی" کارەبای 24 سەعاتى چووە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ئەمڕۆ هەینى، حەوتى ئادارى 2025، بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کارەباى سلێمانى ڕاى گەیاند، لە قۆناغى یەکەمى پڕۆژەى ڕووناکیدا نزیکەی نۆ هەزار هاوبەشی ماڵان و بازرگانی لەسەرهەشت فیدەر کارەبای بەردەوامیان بۆ دابین کرا.

زیاتر هاتووە، لەم قۆناغەدا پڕۆژەکە لە گەڕەکەکانی سەرکارێز، تووی مەلیک، سابوونکەران، مەڵکەندی، ئیبراهیم پاشا، دارۆغا، حاجی حان، شەقامی ئۆرزدی، ئەسحابە سپی و شەقامی کاوە جێبەجێ دەکرێت.

هەروەها ئاماژە دراوە، پڕۆژەی رووناکی لە سلێمانی بەردەوام دەبێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا قۆناغەکانی ترى لە گەڕەکەکانی تر دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پڕۆژەى ڕووناکى یەکێکە لە پڕۆژەکانى کابینەى نۆیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، کە ئێستە لە 17 گەڕەکى شارى هەولێر ئەم پڕۆژەیە بە تەواوى جێبەجێ کراوە و هاووڵاتییان 24 سەعات کارەباى نیشتیمانییان هەیە.



وشە - رزگار خدر