وەزیری دارایی هۆشداری بە بانك و گەنجینەكانی سنووری سلێمانی دەدات "مووچەخۆرانیش ئاگادار دەكرێنەوە"

:: PM:10:36:18/03/2025 ‌
وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەڕێوەبەری بانك و گەنجینەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی كۆ بووەوە و بڕیاری دا، بە هیچ بیانوویەك پارەی تەرخانكراو بۆ مووچە بۆ هیچ بوارێكی تر بەكار نەهێنرێت، هاوكات هۆشداریشی پێدان كە لە نزیكەوە چاودێری بەڕێوەچوونی كاروباری بانكەكان و جێبەجێ كردنی بڕیارەكان دەكەن، كەمتەرخەمی قبووڵ ناكەن و چاوپۆشیش لە هیچ بانكێك ناكەن. هاوكات ئاگاداری فەرمانبەران و مووچەخۆران و هاووڵاتییانی كردووەتەوە، هەر كات سەرپێچییان بەرانبەر كرا، وەزارەتەكەی لێ ئاگەدار بكەنەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوێكی ئەمرۆ 18ی ئاداری 2025، كە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمەوە دەرچووە هاتووە،  ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان و گەنجینەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین کۆ بووەوە. 

بەپێی راگەیەنراوەكە، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر کێشە و گرفتی هاووڵاتییان و فەرمانگەکان و بەڵێندەران و کۆمپانیاکان لەو سنوورە، دووپات لە لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکانی بەردەم بانکەکان کرایەوە. ئاماژەیش دراوە، لەوبارەیەوە بڕیار درا، نابێت لە هیچ بانکێک کێشە و گرفت بۆ هاووڵاتییان و فەرمانگەکان و بەڵێندەران دروست بکرێت، بەپێچەوانەوە هەر کێشەیەکی نەخوازراو بەدەر لە یاسا و رێنوێنییەكان دروست بکرێت ڕێکارى پێویست لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان دەکرێت.

هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا، نابێت لە هیچ بانکێک دەستکاری پارەی هاووڵاتییان "ئەمانات، وەدائیع، توفیر و هتد..." بکرێت بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.

ئاماژەیش دراوە، لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە بڕیار درا، بە هیچ جۆرێک نابێت لەژێر هیچ بیانوویەکدا پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە، بۆ هیچ بوارێکی تر بەکاربهێنرێت.

لە درێژەی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووریدا هاتووە، هەر لە کۆبوونەوەکە دووپات كرایەوە، لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەی سەرپێچییەکان و هەرکەس و لایەنێک پێچەوانەی ئەم رێنوێنییانە جوڵایەوە، داوا لە فەرمانبەران و مووچەخۆران و بەڵێندەران دەکەین ڕاستەوخۆ وەزارەتمان ئاگادار بکەنەوە تا ڕێکاری پێویست بگرینە بەر.

بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، وەزیری دارایی و ئابووری لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا هۆشداری داوە بە بانك و گەنجینەكانی سنوورەكانی ئاماژەپێكراو "لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی و ئابووری ڕای گەیاند، لە نزیکەوە چاودێری بەڕێوەچوونی کاروباری بانکەکان و جێبەجێ کردنی بڕیارەکان دەکەین، کەمتەرخەمی قبووڵ ناکەن و چاوپۆشی لە هیچ بانکێک ناکەین".


وشە - پۆڵا مەحموود