بریكاری یاسایی سەركۆماری عێراقی فیدراڵ رای گەیاند، بڕیاری تازەی دادگای فیدراڵ لەبارەی مووچە كە دادبینی یەكەم و دووەمی تەواو بووە، بریتییە لەوەی كە دەبێت "تەوتین"ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بكرێت بەگوێرەی رێنوێنییەكانی بانكی ناوەندی، كە بانكە حكوومییەكان و بانكە ئەهلییەكان دەگرێتەوە، ئەمەیش دەبێت لە رێگەی هەردوو وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێم و فیدراڵ ئەنجام بدرێت.
ئەمشەو چوارشەم، 19ی ئاداری 2025، هاوڕێ تۆفیق بریكاری یاسایی سەركۆماری عێراق لەبارەی ناوەڕۆكی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵ بڵاوی كردووەتەوە، داوانامەی یاساییمان لە رێكەوتی 20ی کانوونى دووەمى 2025 لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد، لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، دادبینی یەكەم و دووەم حوكمی لەلایەن دادگاكەوە بۆ دەرچووە بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەكەم: دادگای فیدراڵی بۆ تەوتینی مووچە داوا دەکات بەگوێرەی رێنوێنییەكانی بانکی ناوەندی و بانکە حکوومی و ئەهلییەکان دەگرێتەوە، فەرمانبەران ئازاد بن لە هەڵبژاردنی بانکەکان و ئەمەش لە رێگای وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکرێت.
دووەم: دووپاتی بڕیاری پێشووی دادگای فیدراڵی کراوەتەوە لەسەر مووچە، كە نابێت كێشەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و هەرێم ببنە هۆكاری خەرجنەكردنی مووچەی فەرمانبەران.
بڵاوكردنەوەی ئەم دەقانەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ لە كاتێكدایە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من" بەردەوامە لە بەبانكیكردن و "تەوتین"ی مووچەی مووچەخۆران، ئەم مانگەش 300 هەزار مووچەخۆر لە رێگەی بانكییەوە مووچەكانیان وەرگرت.