ڤیدیۆ.. سوپای توركیا و هێزەكانی پەكەكە تەنیا 200 مەتر لە یەكتر دوورن "چەكەكانتان دانێن"

:: PM:10:34:19/03/2025 ‌
دوای ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلانی رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە داوای چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی پارتەكەی كرد، لە چاوپێكەوتنێكی میدیاییدا موراد قەرەیلان كەسی دووەمی پەكەكە دەڵێ: بێ مەرج و بێ بەرانبەر چەك دانانێین. هاوكات ئاشكرایشی دەكات، لە هەندێ ناوچە تەنیا 200 مەتر لەگەڵ سوپای توركیا لە یەكترەوە دوورن و بە بڵندگۆ داوایان لێ كراوە بەدەم پەیامی سەرۆكەكەیانەوە بچن و چەكەكان دانێن. 

لەمیانی چاوپێكەوتنێكی میدیاییدا كە "وشە" بینیویەتی، موراد قەرەیلان كە بە كەسی دووەمی پەكەكە دادەنرێت دوای ئۆجەلان، رای دەگەیەنێت، لەوپەڕی ئامادەباشی داین بۆ شەڕ، بێ مەرج و بێ بەرانبەر چەكەكانمان دانانێین. 

قەرەیلان لە بەشێكی تری دیمانە میدیاییەكەدا دەڵێ، لە هەندێك شوێندا و بە تایبەت لە مەتینا و زاپ هێزەكانمان لەگەڵ سوپای توركیا تەنیا 200 مەتر لە یەكەوە دوورن، بە بڵندگۆ سەربازانی توركیا پێمان دەڵێن سەرۆكی ئێوە رای گەیاندووە كە چەك دانێن، "وەرن تەسلیم ببن". 

قەرەیلان روو دەكاتە ئەم بانگەوازە توركییە كە لەسەر بنەمای پەیامەكەی ئۆجەلان پێیان دەدرێت و دەڵێ، ئەوە چ ئەقڵێكە؟ كێ تەسلیمی ئێوە دەبێت، ئێوە وا چوار ساڵە شەڕ دەكەن نەتان توانیوە ئەو "مەوقیعە" بگرن، نایەینە ژێر پێی ئێوە. 

ئەم قسانەی قەرەیلان دوای ئەوە دێن نزیك مانگێك لەمەوبەر و لە 27ی شوبات، شاندی ئیمڕاڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، لە پرێس کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە، کە لە پەیامەکەیدا داوا دەکات پەکەکە چەک دابنێت و خۆێ هەڵوەشێنێتەوە و کۆنگرە ببەستێت.

گەر لەم هەواڵە نەتتوانی ڤیدیۆكە ببینی، لێرە كلیك بكە..





وشە - پۆڵا مەحموود