لیوا عومەر: تا مانگی ئەیلوولی ساڵی 2026 دەبێت سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگە یەك بگرنەوە

:: AM:09:12:24/03/2025 ‌
بەرپرسێكی پێشمەرگە رای گەیاند، لە چوارچێوەی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، شەش فیرقەی هاوبەش دروست كراون.

لیوا عومەر فەرماندەی گشتیی هێزەكانی 70 لەبارەی یەكگرتنەوەی هێزەكانی 70 و 80 ئاماژەی بەوە كردووە، یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن واژوو كراوە و لە ناوەڕۆكی ئەو یاداشتنامەیەدا، هەموو وردەكارییەكانی بەڕوونی تێدا باس كراوە.

ئەو بەرپرسەی هێزەكانی پێشمەرگە ئەوەشی گوت، سات و كاتی یەكگرتنەوەی هێزەكانی 70 و 80 لەو یاداشتەدا هەیە و هەموو شتێكی تێدا روون كراوەتەوە، تەنانەت دواین وادە كە دیاری كراوە، مانگی ئەیلوولی ساڵی 2026 دەبێت كە سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگە یەك بگرنەوە.

هاوكات فەرماندەی گشتیی هێزەكانی 70 ئاماژەی بەوەش داوە، لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ سەرخستنی پرۆسەكە، تا ئێستە توانراوە شەش فیرقەی سەربازیی هاوبەش دروست بكرێت و هەر شەش فیرقەكە سەربە وەزارەتی پێشمەرگەن، لە كاتێكدا لە ماوەی رابردوو وەك كورد هیچ پێكهاتەیەكی سەربازیمان نەبووە ناوی فیرقە بێت.

لە كۆتادا ئەو بەپرسەی پێشمەرگە دەڵێت: پرۆسەی یەكخستنەوەی پێشمەرگە تەواو دەبێت و هێزی نوێش دەگوازرێتەوە بۆ سەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە، هیچ هێزێك لە دەرەوەی وەزارەت نامێنێت.



وشە - سۆران عەزیز