چاوەڕوان دەكرێ ئەمڕۆ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی ئادار واژوو بكات، ئەگەر هیچ بیانوویەكی تر نەدۆزێتەوە، ئەندامێكی شاندی تەكنیكی كوردستانیش دەڵێت، لەگەڵ ناردنی پارە بە كەمتر لە سێ سەعات لیستی مووچە بڵاو دەكرێتەوە.
وردبینیی لیستی مووچەی فەرمانبەران تەواو بوو، تەنیا ناردنی پارە ماوە، بڕیارە ئەمڕۆش تەمویلی مووچە دەست پێ بكات.
ئەمڕۆ دووشەم 24ـی ئادار، ئەندامێكی شاندی تەكنیكی كوردستان لە بەغدا، بە "وشە"ـی راگەیاند، دوای تەواوبوونی كارەكان ئێستە چاوەڕوانی تەمویلی مووچە دەست پێ بكات.
زیاتر گوتی، هیچ كێشەیەك لە لیستی مووچە نەبووە، هاوشێوەی مووچەی مانگی دوو بە دەستكارییەكی كەم، لیستی مووچەی مانگی سێ ئامادە كرابوو.
روونی كردەوە، ئەگەر ئەمڕۆ پارە بێتە ناردن، هەر ئەمڕۆ لیستی مووچە بڵاو دەكرێتەوە و سبەی دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، هەفتەی رابردوو زیاتر لە 48 ملیاری وەك داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا ناردووە كە بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان هەردوولا بووە، بۆیە هەموو بیانووەكانی بەغدا بڕاوە.
لە كۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دووپاتی لەوە كردەوە، هەوڵەكان بخرێنە گەڕ بۆ ئەوەی مووچە پێش جەژن دابەش بكرێت.