هاووڵاتییان لەبارەی گرانیی نرخی چوكلێتێك ئاگادار دەكرێنەوە

:: AM:11:13:25/03/2025 ‌
جۆرە چوكلێتێك لە بازاڕەكان بۆ ئەم جەژنە خواستی زۆری لەسەرە، بازرگانێكیش دەڵێت نرخە فەرمییەكەی دەبێت بە شەش هەزار دینار بگاتە دەستی هاووڵاتییان، نەك بە 25 هەزار دینار.

ئەمڕۆ سێشەم 25ـی ئادار، محەمەد خۆشناو بازرگانی شیرینی، بە "وشە"ـی راگەیاند، جۆرە چوكلێتێك هاتووەتە بازاڕەكان، بۆ ئەم جەژنە خواستێكی زۆری لەسەرە و هاووڵاتییانی دەیكڕن.

زیاتر گوتی، ئەو چوكلێتە لەلایەن هەندێك كەس نرخەكەی قۆرخ كراوە، بۆیە لیژنەی ئاسایش و ئابووریمان لێ‌ ئاگادار كردووەتەوە كە ئەوە نرخی ئێمە نییە.

دەشڵێت، لە هەندێك شوێن كیلۆی بە 25 هەزار دینار فرۆشراوە، لە كاتێكدا ئێمە كیلۆی بە چوار هەزار و 350 دینار بە دوكانەكانمان داوە، پێویستە ئەوانیش بە شەش هەزار دینار بە هاووڵاتییانی بفرۆشن.

ئەوە لە كاتێكدایە ئێستە لە جەژن نزیك دەبینەوە خواستێكی زۆر لەسەر چوكلێت و شیرینییەكان هەیە، هاووڵاتییان بەدوای شیرینیی خۆش دەگەڕێن.


وشە - رامیار جەواد