ئەم ئێوارەیە چاودێریی بینینی مانگ دەكرێت بۆ ئەوەی یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان دیاری بكرێت، بەگوێرەی پێوەری دەزگای میدیایی "وشە" كە بە بەڵگەوە سەلماندوویەتی، سبەی یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانە.
ئەوە راپۆرتەكەی "
وشە"یە كە دەیسەلمێنێ سبەی یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا مشتومڕ لەسەر بینینی مانگ هێشتا زۆرە.
لەبەرئەوەی زۆرجار گوتراوە كە عێراق پشت بە سعوودیە و وڵاتانی تری ئیسلامی دەبەستێ بۆ دیاریكردنی جەژن، بۆیە ئەمجارە بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی دەڵێ، ئەوان پشت بە كەس نابەستن و لە گڵەزەردەوە چاودێری بینینی مانگ دەكەن.
گڵەزەردە، شوێنێكی بەرزی سلێمانییە و هەموو رۆژێكی كۆتایی رەمەزان، كۆمەڵێك لە خەڵك و مامۆستایانی ئاینی بۆ بینینی مانگ لەوێ كۆ دەبنەوە.
عەباس خدر بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی رای گەیاند، بۆ دیاریكردنی جەژن پشت بە بڕیاری وڵاتانی دراوسێ نابەستین، بەڵكو ئێوارەی ئەمڕۆ لە گڵەزەردە و گۆیژە و بەرزاییەكانی قەیوانەوە بە ئامێری تایبەت، چاودێری بینینی مانگ دەكەین.
جەژنی رەمەزان سێ ڕۆژە و دوا بەدوای ئەوە دێت كە مسوڵمانان، 30 ڕۆژ و هەندێك جاریش 29 ڕۆژ بە ڕۆژوو دەبن.