له وه‌رزى قه‌ده‌غه‌كردنى راوه‌ماسى و له ژماره‌یه‌ك له گونده‌كانى سنووری پارێزگاى سلێمانى و نزیك ده‌ریاچه‌ى ده‌ربه‌ندیخان، ژماره‌یه‌ك راوچی و چه‌ندان كه‌ره‌سته‌ى راو گیران.
عه‌قید هێمن كه‌مه‌رخان، گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى سلێمانى، به "وشه"ى راگه‌یاند، له رۆژى 20ى ئادارى ئه‌مساڵه‌وه، قه‌ده‌غه‌ى راوه ماسى له هه‌رێمى كوردستان چۆته بوارى جێبه‌جێ كردنه‌وه.
گوتیشى، ساڵانه له سه‌ره‌تاى وه‌رزى به‌هاردا راوى ماسى به هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه ده‌كرێت، ماوه‌ى سێ مانگ و هه‌ندێك جاریش زیاتر به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌سته به كه‌شوهه‌وا و به‌رزی و نزمیى پله‌ى گه‌رما.
زیاتر گوتى، له‌و ماوه دیاریكراوه‌دا ماسى گه‌را داده‌نێن و به وه‌رزى زۆربوونیان داده‌نرێن.
عەقید هێمن روونیشی كرده‌وه، پێویسته له‌سه‌ر هه‌مووان به‌گشتى و راوچییان به‌تایبه‌تى له‌و ماوه‌یه‌دا پابه‌ند بن به ڕێنوێنییەکان و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك راوى ماسى نه‌كه‌ن، چونكه به راوكردنیان له‌و كاتانه‌دا زیانێكى زۆر به سامانى ماسى ده‌گه‌یه‌نن، کە جگه له‌وه‌ى سامانێكى سروشتییه؛ هاوكات سه‌رچاوه‌ى داهاتی به‌شێك له هاووڵاتییانه.
به‌پێى ئامارێك له ماوه‌ى دوو هه‌فته‌دا، له سنوورى چالاكیی پۆلیسى دارستان و ژینگه‌كه‌كانى سه‌یدسادق، شاره‌زوور، به‌رزنجه و ئاخجه‌له‌ر، توانراوه 10 راوچى بگرن و 76 ماسیى قه‌باره جیاواز و 63 تۆڕ و ماتۆڕسكیل و چه‌ندان كه‌ره‌سته‌ى راوكردنیش ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه.
ساڵانه له هه‌رێمى كوردستان، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاوى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌پێى یاسای ژماره 48ی ساڵى 1976 وه‌رزى قه‌ده‌غه‌كردنى راوه‌ماسى له 20ى ئادار تا 20ى حوزه‌یران به‌رده‌وام ده‌بێت، راوكردن به كاره‌با، ماده ژه‌هراوییه‌كان، ته‌قه‌مه‌نییه‌كان و تۆڕى كون و ورد قه‌ده‌غه ده‌كرێت.
وشه/ رێبین پێنجوێنى