لە سلێمانی كار بۆ دامەزراندنی حزبێكی نوێ‌ دەكرێت

:: AM:10:07:03/04/2025 ‌
لەلایەن چەند كەسێكی سیاسی و رۆژنامەنووس، كار بۆ دامەزراندنی حزبێكی نوێ‌ دەكرێت و تا ئێستە چەند كۆبوونەوەیەكیان كردووە، چاوەڕوان دەكرێت لە دوای پشووەكان، خۆیان یەكلا بكەنەوە وەك حزب یان بەرەیەك رابگەیەنن.

ئەمڕۆ پێنجشەم سێی نیسان، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" چەند كەسێكی سیاسی و رۆژنامەنووس، ئێستە كار بۆ دامەزراندنی بەرەیەك یان حزبێكی سیاسی دەكەن.

ئەوەش زانراوە، ئەو كەسانە دوای تەواوبوونی پشووەكان، خۆیان یەكلا دەكەنەوە كە حزبێك یان بەرەیەكی سیاسی دامەزرێنن و بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق كە بڕیارە لە مانگی 10ـی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، بەشداریی بكەن.

بەپێی زانیارییەكان، چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام داوە، بڕیارێكی كۆبوونەوەكە ئەوەیە لە سەرەتادا تەنیا لە بازنەی سلێمانی بەشداریی هەڵبژاردن دەكەن، دواتریش بۆ هەڵبژاردنی تر بڕیار بۆ بەشداریی فراوانتر دەدەن.

ئەوان جگە ژمارەیەك رۆژنامەنووس و كەسانی سیاسی، چەند كەسایەتییەكی تریش لەگەڵیان بەشدارن، بەڵام تا ئێستە رانەگەیەنراوە.

بەپێی یاسا ئەگەر حزبێك دابمەزرێنرێت، ئەوا پێویستە واژووی 500 ئەندامی هەبێت و بەشێوەی فەرمی پێشكەشی كۆمسیۆن و وەزارەتی ناوخۆی بكەن، بۆ ئەوەی مۆڵەتیان پێ‌ بدرێت.



وشە - رامیار جەواد