"وشە" بەدوادواچوونی لەبارەی كوشتنی ئەفسەرێكی هێزەكانی كۆماندۆی یەكێتی كرد كە هاوكات پاسەوانی تایبەتی شێخ ئەحمەدی نۆكانە.
چیرۆكەكە بەمشێوەیەیە، شەوی رابردوو لە یەكێك لە گەڕەكەكانی سلێمانی، لەسەر كێشەیەكی كۆن، هەریەك لە توانا عەبدوڵا و خوشكەزایەكی كە ماوەیەكی زۆرە پێوەندیی لە نێوانیان نەماوە، رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.
لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەكەدا، خوشكەزاكەی تەقە لە توانا عەبدوڵا دەكات و دەیكوژێ. بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" كێشەكە كۆن بووە، بەڵام كێشەیەكی بچووك بووە و سێتە نوێبوونەوەكەی جێی گومانە.
خوشكەزاكەی توانا عەبدوڵا دوای چەند سەعاتێك لە تاوانەكە گیرا، بەبێ ئەوەی خۆی باشترێتەوە یان رایكردبێت، هەندێك سەرچاوە دەڵێن، خۆی رادەستی هێزە تەناهییەكان كردووە، بەڵام ئەوە یەكلا نەبووەتەوە.
هەرچەندە سەرەتا كۆماندۆ هەوڵی شاردنەوەی تاوانەكەیان داوە، بەڵام دواتر لەلایەن نزیكەكانی توانا عەبدوڵاوە وێنەكەی بڵاو كرایەوە بەبێ ئەوە هیچ وردەكارییەك بخرێتە ڕوو.
"وشە" زانیویەتی ماوەیەك لەمەوبەر لەناو كۆماندۆدا، توانا عەبدوڵا لەگەڵ چەند كەسێكی تری ناو هێزەكە بووەتە دەمەقاڵێیان، بەڵام كەسێكی نزیكی ئەو رای گەیاند، كوشتنەكەی تەنیا پێوەندیی بە كێشەی لەگەڵ خوشكەزاكەیدا هەبووە.
شێخ ئەحمەدی نۆكان ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییە، هاوكات توانا عەبدوڵا یەكێك بووە لە كەسە جێمتمانەكانی و لە ماوەی رابردوویشدا هەر كێشەیەكی هەبووبێت، بۆی چارەسەر كردووە جگە لەو كێشەیەی لەگەڵ خوشكەزاكەی.