هەفتەی داهاتوو ئەپی فۆرمی خۆراك بۆ هاووڵاتییانی كوردستان كارا دەبێت

:: AM:08:55:07/04/2025 ‌
بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەپی فۆرمی خۆراك بۆ هاووڵاتییانی كوردستان كارا بێت، لەو ئەپە هاووڵاتییان فۆرمی نوێی خۆراك دەردەهێنن.

ئەمڕۆ دووشەم حەوتی نیسان، زیاد محەمەد بریكاری خۆراك، بە "وشە"ـی راگەیاند، ماوەی دوو ساڵە تۆماری ناوی منداڵ و زیادكردنی لە بەشەخۆراك وەستاوە، ئەوەیش بەهۆی بە ئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك.

زیاتر گوتی، لەلایەن دابەشكردنی خۆراك ئاگادار كراوینەتەوە كە ئەمساڵ لە رێگەی كۆد و ئەپڵیكەشنێكەوە، سەرجەم هاووڵاتییان تۆمار دەكرێن، هەروەها پسوولەی خۆراك نوێ‌ دەكرێتەوە، پێش جەژنیش دواین كۆبوونەوە لەبارەی دەستپێكردنی پسوولەی خۆراك بۆ ئەلیكترۆنی ئەنجام كرا، عێراق بڕیاری دا لەم مانگە لە هەرێمی كوردستانیش دەست پێ‌ بكات .

هاوكات نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، سیستمی نوێكردنەوەی زانیاری فۆرمی خۆراك و بە ئەلیكترۆنیكردنی فۆرمەكە لە هەرێم، قۆناغی یەكەمی تەواو بووە و چاوەڕوانن لەم هەفتەیەدا لە بەغداوە لیژنەیەك بێنە هەولێر بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو دەست بە قۆناغی دووەم و جێبەجێكردنی سیستمەكە بكرێت.

محەمەد حەنوون گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رای گەیاند، كارەكانی بە ئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك، بە ئاسانی بەرەوپێش دەچێت و بڕیارە لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق پرۆسەكە بڕواتە بواری جێبەجێكردنەوە.

زیاتر گوتی، پرۆسەكە لە قۆناغی نوێكردنەوەی زانیارییەكاندایە، ئێستە لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین، میسان، زیقار، ئەنبار، دیوانیە و بابل كارایە، هەروەها بڕیارە لە نزیكترین كاتدا پارێزگاكانی تریش كارا بكرێ .

رونیشی كردووە، هەر زانیارییەك هەبێ لەسەر مامەڵەكانی پسوولەی خۆراك، بەفەرمی بۆ هاووڵاتییانی بڵاو دەكەینەوە.


وشە - رامیار جەواد