لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە نووسراوی فەرمیی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كە ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كراوە، زەوی بەسەر هەزار و 628 فەرمانبەری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا دابەش دەكرێت.
لە نووسراوەكەدا بە ژمارە (1188) ئەمڕۆ دەرچووە و تێیدا هاتووە، لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە مەرجێك پێشتر سوودمەند نەبووبن و هەمان ئەو مەرجانەیان لەسەر جێبەجێ بكرێت كە لەسەر فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێم جێبەجێ دەكرێت.
لە خشتەكەدا ژمارەی فەرمانبەرانی هەریەك لە دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و نووسینگەی هەڵبژاردنەكانی پارێزگای هەولێر، نووسینگەی هەڵبژاردنەكانی پارێزگای سلێمانی، نووسینگەی هەڵبژاردنەكانی پارێزگای دهۆك دیاری كراون كە هەزار و 628 فەرمانبەرن.