لە ئایندەیەكی نزیكدا ژمارەیەك لەفەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیە گرنگەكانی ناو سەنتەری شاری سلێمانی تێكدەدرێن و دەگوازرێنەوە بۆ بەشی رۆژئاوای شارەكە، "وشە" زانیویەتی پیلانەكە لەلایەن بەرپرسانی باڵای یەكێتیەوە بەوردی داڕێژراوە و كاری لەسەر دەكرێت.
بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە" لەلایەن بەرپرسانی ئیداری یەكێتی، دوای بەڕێوەچوونی زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ژمارەیەك لە فەرمانگەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، باس لە تێكدان و گواستنەوەی چەند شوێنێكی حكومی بۆ سنووری تاسڵوجە لە رۆژئاوای سلێمانی كراوە.
"وشە" زانیویەتی، بڕیاردراوە سەنتەری پارێزگای سلێمانی فراوان بكرێت و تاسڵوجە بكرێتە دەستپێكی شار، بۆ ئەمەش چەند هەنگاوێكی خێرا بە نهێنی گیراوەتەبەر بەوردی كاری لەسەر دەكرێت.
بەپێی پیلانەكە، سەرەتا بینای چەند فەرمانگەیەكی گرنگ ئاڵوگۆڕیان پێ دەكرێت یا دەگوازرێنەوە دەرەوەی سەنتەری شار، دادگای نوێی سلێمانی دەچێتە شوێنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی كە ئێستە لە تاسڵوجەیە.
پۆلیسی هاتوچۆ دەچێتە گوندی سۆتكە كە دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای سلێمانی و نزیك فەرماندەیی پێشمەرگە و بەشێكی زۆری ئەو زەویانەی دەدرێتە فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی دەكەوێتە سنووری سۆتكە.
لەلایەكی ترەوە، بەپێی پیلانەكە یاریگای سلێمانی كە دەكەوێتە گەڕەكی چوارباخی سلێمانی و مێژوویەكی دێرینی هەیە تێكدەكرێت و یاریگایەكی نوێ لەنزیك شەقامی 100 مەتری دروست دەكرێت، هۆكارەكەشی ئەوەیە چیتر لاوان و وەرزشكاران نەچنە یاریگاكەی لاهوور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل و چەند سەت مەترێك لێوەی دوور دەبێت.
ئیسماعیل كەریم شارەزای ئیداری و كارگێڕی، بە "وشە"ی راگەیاند، لەدوای رووداوەكانی هەشتی تەموزەوە بە بەرنامە و پیلانی ورد كار بۆ شێواندنی چەندان شوێنی جوان و دڵگیر و دێرینی سنووری زۆنی سەوز كراوە.
زیاتر گوتی، تێكدانی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكان تەنیا ئامانج لێی ئەوەیە شوێنەكانیان لەلایەن بەرپرسانی ئیداری باڵای دەباشان بكرێنە شوێنی نیشتەجێ بوون و مۆڵ و گەراج و تاوەری بازرگانی.
سەرسامی خۆی دەربڕی یەكێتی لەپێناوی گیرفانی ئیدارەی گشتی و پشكی بەرپرسەكانی گوێ بەهیچ بەهایەك نادات و دروست كردنەوەی ئەو شوێنانە پارەیەكی زۆرتر لە خەزێنەی گشتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبات و دەبێت رێگەیان لێ بگیرێت.
"وشە" بۆ وەگرتنی لێدوان چەندان جار پێوەندی كرد بە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی و بەرپرسانی شارەوانی سلێمانی، هیچیان ئامادە نەبوون وەڵام بدەنەوە.