دوای شەش رۆژ لە خنكانی، ئەمڕۆ تەرمی گەنجێك لەناو زێی گەورە لە سنووری خەبات دۆزرایەوە، بەڵام هێشتا هیچ سۆراغێكی ئاڤێستا دیار نییە كە ئەویش كەوتووەتە رووباری مێرگەسوور.
رەیان عوسمان تەمەنی 20 ساڵ و دانیشتووی شارۆكەی خەبات بوو، لە رۆژی دووی ئەم مانگەوە كەوتبووە ناو زێی گەورە، شاخەوان سەعید گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بە "وشە"ی گوت، دوای شەش رۆژ، ئەمڕۆ تیمەكانیان تەرمی ئەو هاونیشتمانییەیان دۆزیوەتەوە.
هەروەها ئاڤێستا، ئەو كچەیە كە پێنجی ئەم مانگە كەوتە ناو رووباری تەنگاتوور لە مێرگەسۆر، بەڵام تا ئەمڕۆ هیچ سەرەداوێك بۆ دۆزینەوەی دەست نەكەوتووە.
ماڵباتی ئاڤێستا، دەست بە دوعا لەسەر رووبارەكە چاوەڕوانی هەواڵ لە بەرگری شارستانی دەكەن كە ئەمڕۆ تیمەكانی بەرگری شارستانی بۆ نۆ تیم زیاد كراون و 150 كارمەندیش دەگەڕێن.
ئاڤێستا تەمەنی 27 ساڵە و دانیشتووی شاری هەولێرە، بۆ سەیران لەگەڵ خێزانەكەی چووبوونە بارزان و كەوتە رووبارەكەوە و تا ئێستە بێ سەروشوێنە.
بەرگری شارستانی سنوورەكە ئەمڕۆ رای گەیاندووە كە بە ئەگەرێكی زۆر تا 10 بۆ 15 رۆژی تر بەهۆی بەرزیی ئاستی ئاوی رووبارەكە دۆزینەوەی ئەستەم دەبێت، هەروەها سەختیی ناوچەكە و بارانی زۆر و لێڵی ئاوی رووبارەكە دۆزینەوەی ئاڤێستای سەختتر كردووە.