جووتیارانی كورد لەلایەن سوپای عێراق گەمارۆ دراون

:: AM:09:03:09/04/2025 ‌
لە ئێوارەی دوێنێوە تا ئێستە سوپای عێراق گەمارۆی جووتیارانی گوندی شەناغەی داوە، سێ‌ جووتیاری هەردوو گوندی شەناغە و پەلكانە لەلایەن سوپای عێراقەوە گیراون و دەست بەسەر سێ تراكتۆریشدا گیراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم نۆی نیسان، فەرهاد ئیسماعیل كە یەكێكە لە جووتیارەكانی گوندی پەلكانەیە و بە "وشە"ی راگەیاند، سەر لە ئێوارەی دوێنێ‌ سوپای عێراق رێگریی كرد لە كێڵانی زەوییەكانمان، ئەوەبوو لە پڕێك هێرشیان كردە سەرمان.

باسی لەوەش كرد، ئەو كاتەی زەوییەكانمان دەكێڵا بۆ ئامادەكردنی دەرە، بەڵام لە پڕ هێرشیان كرد و ئێمەش هەڵاتین، بەڵام خۆمان شاردەوە.

جووتیارێكی تریش بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە "وشە" گوت، سوپای عێراق دەستی بەسەر سێ تراكتۆری جووتیاراندا گرتووە. ئاماژەیشی دا كە ئێستە دۆخی جووتیارانی ناوچەكە خراپە و لە ژێر هەڕەشەی گرتندان. 

ئەم هەواڵە لە كاتێكدایە لە ماوەی رابردوو بەردەوام سوپای عێراق رێگریی لە جووتیارانی ناوچە كوردستانییەكان كردووە زەوییەكانیان بكێڵن، چەندان جار لەلایەن حكوومەتی عێراقییەوە بەڵێنی چارەسەری ئەم كێشە دراوە، بەڵام وەك دەردەكەوێت تا ئەمشەویش بەردەوامیی هەیە.



وشە - رامیار جەواد