كێشەی عەلی حەمەساڵح و دڵشاد محەمەد چییە؟

:: AM:09:55:09/04/2025 ‌
كەسێك لە سۆشیال میدیا و لە بەردەم مایكەكان بووەتە دێوەزمەیەك و هەركاتێك عەلی حەمەساڵح بیەوێت دەركەوێت، ئەوا كەسێك بەناوی دڵشاد محەمەد، ریسەكەی لێ‌ دەكاتەوە خوری، ئەمەش ئەوی تەواو نیگەران كردووە.

دڵشاد محەمەد لەبارەی هۆكاری رەخنەكانی لە عەلی حەمەساڵح، بۆ "وشە" قسەی كرد و دەڵێت، من چاڵنجی عەلی دەكەم، كام تیڤی و كام جێگە هەڵیدەبژێریت، با رووبەڕوو رەخنە لە یەكتر بگرین، ئەوجا دەیسەلەمێنم كێ پیاوی ئەملاولایە و كێ مونافیق و دووڕووە.

دەشڵێت، ئەگەر عەلی دەتوانێت با وەڵامم بداتەوە كە بۆچی كاتێك گوتی هەڵبژاردن دیزاین كراوە و ساختەیە، ئەگەر نەمسەلماند لە سێدارەم بدەن، كەچی لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمان، چوو و شەرعییەتی بەو دەزگایە دا.

ئاماژە بەوەش دەكات، با حاجی عەلی وەڵام بداتەوە، ڤێلاكانی لە هیوا ستی و سیتەك و سلێمانی و هەولێر، لە پای چی وەرگرتووە؟، بۆیە بەرانبەر قورئان سوێندی دەدەم كە نموونەكانی وەك عەلی خەڵكیان هان دا دژی دەسەڵات و خوێنیان رژایە سەر شەقامەكان، توخوا خەڵك جگەرسووتاو بوو بۆ ئەوەی خۆت و خێزانەكەت و نموونەكانی تر كە یەك یەك سكاڵام لێ كردوون، بە خوێنی ئەوانەوە رێككەوتن بكەیت.

روونی كردەوە، ئێوەن هێز و دەنگی موعارەزەی راستیتان لەم وڵاتە بەتاڵ كردووە، ئێوەن پاڵەوانی فەیسبووك و جنێوی مۆدێرن و دروستكەری بێ هیوایی لەم وڵاتەدا، ئێوەن پێش و پاش هەڵبژاردن هەر سوپەرمانی فەیسبووكن، بۆیە دەڵێم خوای گەورە رووی رەشی هەموو ئەوانە دەردەخات كە یاری بە خوێن و هەست و دەنگ و راستییەكان دەكەن.



وشە - رامیار جەواد