ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ماكرۆن بڵاو كرایەوە

:: PM:05:10:14/04/2025 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمێكی فەرمیدا لە كۆشكی ئەلیزێ لە پاریس، لەلایەن ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فڕەنساوە پێشوازیی لێ كرا.

لە كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵیدا، هەردوو لا پتەوكردنی پێوەندییەكانی فڕەنسایان لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و فراوانكردنی هاریكاریی هاوبەشی نێوانیان تاوتوێ كرد.

نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیریی بەردەوامی فڕەنسا و سەرۆك ماكرۆن لە عێراق و هەرێمی كوردستان، دووپات كردەوە.

هەردوو لا دووپاتیان لە خواستی دوولایەنە بۆ برەودانی زیاتر بە پێوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا كردەوە، هەروەها‌ هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عێراق و دوورخستنەوەی وڵات لە ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە.

لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، دەربارەی دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆخی سووریا و مەترسییەكانی تیرۆر و بەردەوامیی هەڕەشەكانی داعش، بیروڕایان گۆڕییەوە. هەردووك داكۆكییان لە گرنگیی مسۆگەركردنی مافەكانی كورد و پێكهاتەكان لە سووریا و گفتوگۆ و لێكگەییشتن بۆ چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان لە ناوچەكە‌، كردەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم