"بەپارێزگابوونی هەڵەبجە كەمترین پاداشتی ئازار و مەینەتییەكانی خەڵكی ئەو شارەیە"

:: PM:08:51:14/04/2025 ‌

دوای ئەمڕۆ دووشەم پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دا، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵكی تێكۆشەر و قوربانیدەر و ستەملێكراوی هەڵەبجەی شەهید كرد، بڕیارەكەی بە كەمترین پاداشتی ئازار و مەینەتییەكانی خەڵكی نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی شارەكە وەسف كرد.

وەك لە پەیامێكی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، بە بۆنەی پەسەندكردنی یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵكی تێكۆشەر و قوربانیدەر و ستەملێكراوی هەڵەبجەی شەهید دەكەم، ئەم بڕیارە كەمترین پاداشتی ئازار و مەینەتییەكانی خەڵكی نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی هەڵەبجەیە .

دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەم و هیوادارم تەواوكردنی رێكارەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، ببێتە دەستپێكێك بۆ زیاتر خزمەتكردنی خەڵكی ئەم پارێزگایە، لەم رووەوە، لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ لە پێوەندی بەردەوامدا دەبین بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی شایستە، خزمەتی ئەو دەڤەرە بكرێت و بودجەی تایبەت بۆ زیاتر ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجە تەرخان بكرێت .

حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش، كە هەمیشە خۆی بە قەرزاری قوربانیدانەكانی بنەماڵە و كەسوكاری شەهیدە سەربەرزەكانمان دەزانێت، بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە خەڵكی پارێزگەی هەڵەبجە و هەموو ناوچەكانی تری كوردستان.

رۆژی یەكشەم 16ی ئاداری 2014 سەعات 10ـی سەر لە بەیانی، هاوكات لەگەڵ ساڵوەگەڕیی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەی شەهید، سەرۆك بارزانی فەرمانی هەرێمی بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهید واژوو كرد.

لە رۆژی پێنجی ئاداری 2014 لە نووسراوێكی فەرمیدا بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەرۆك بارزانی كە ئەوكات سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، داوای لە حكوومەتی هەرێم كرد چاوەڕێی بەغدا نەكات و رێكارە كارگێڕییەكانی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە دەست پێ بكات.‌ 

چەند ڕۆژێك دواتر و لە كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێكی هەڵەبجە، سەرۆكی حكوومەتی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، لە 13ی ئاداری 2014 بڕیاری بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەی قبووڵ كرد و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا واژووكردنی بڕیاری بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەی راگەیاند.

یەكێك لەوانەی كە بەردەوام بەدوای ئەو پرسە گرنگەوە بووە و زۆرترین خزمەتیش لە سەردەمی ئەودا كراوە، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستانە، كە لە ماوەی رابردوودا جیا لەوەی سەردانی پارێزگاكەی كرد، چەندان پڕۆژەی خزمەتگوزاری و دامەزراندنی پێشكەش بە هەڵەبجە كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل