مەسروور بارزانی: نابێت هەرێمی كوردستان ببێتە بەشێك لە ململانێكانی ناوچەكە

:: PM:04:09:16/04/2025 ‌
مەسروور بارزانی لە دیداری زانكۆی سلێمانی، گفتوگۆی تایبەتی هەبوو و وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە و ئاماژەی بەوە كرد، نابێت هەرێمی كوردستان ببێتە بەشێك لە ململانێكانی ناوچەكە.

ئەمڕۆ چوارشەم 16ـی نیسان، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، گۆڕانكاریی خێرا لە ناوچەكەدا هەیە ، پێم وایە لەوانەیە زۆر زەحمەت بێت نەك بۆ من، بۆ هەر كەسێك بیەوێ خوێندنەوەیەكی تەواو ورد بۆ هەموو ئەو رووداوانە بكات كە ئێستە لە ئارادان، بەڵام ئەوەی دیارە گۆڕانكارییەكی خێرا و هەستیار لە ناوچەكەدا ڕوو دەدات و ئەو گۆڕانكارییانەش هەندێكیان لەوانەیە چاوەڕوان نەكراوبووبن.

باسی لەوەش كرد، ئەو گۆڕانكارییەی لە سووریا ڕووی دا، لە ئاستی چاوەڕوانی خودی دەسەڵاتی ئێستەی سووریا و دەسەڵاتی پێشتریش نەبوو، بەڵام ئەم گۆڕانكارییانە زۆر خێرا هاتنە كایەوە و بارودۆخێكی نوێیان خوڵقاند، بەتایبەتی لە سووریا. لە هەمان كاتدا هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا وایكردووە حكوومەتێكی نوێ بە سیاسەتێكی جیاواز، ئێستە حوكمڕانی لە ئەمەریكا دەكات كە سیاسەتێكی جیاوازتریان هەیە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

زیاتر گوتی، ئەم هەموو شەڕ و ناخۆشییانەی لە ناوچەكەشدا هەن، دیسان ئەمانە هەموو كاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر تەواوی ڕووداوەكانی ناوچەكە هەیە، ئێمەش بەدەر نابین لەو گۆڕانكارییانەی هەن، بەڵام چۆن بتوانین خۆمان بگونجێنین؟ هەروەك پێشتریش باسمان كردووە، سیاسەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێ بەجۆرێك بێت كە بە هیچ جۆرێك لەگەڵ تەشەنەكردن و خراپتركردنی باری ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكەدا نەبین.

"ئێمە ئەگەر بتوانین ڕۆڵێكی كاریگەر لە نزیكتركردنی لایەنەكان و باشتركردنی بارودۆخی ئاسایشی ناوچەكە و ئاشتی بگێڕین، ئەوا زۆرباش دەبێت. بەڵام نابێت هەرێمی كوردستان ببێت بە بەشێك لەو ململانێیە و خوانەخواستە كێشەكان ئاڵۆزتر بكات. نە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندایە، نە لە بەرژەوەندیی خەڵكی ناوچەكەدایە و خەڵكی ئێمەش ماندوو بووە. خەڵكی ئێمە چاوەڕوانی ژیانێكی باشتر و ئایندەیەكی گەشترە، هەر هەنگاوێك بۆ باشتركردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكە هەبێت، هەرێمی كوردستان پێویستە خۆی لەو بەرەیەدا ببینێتەوە."، مەسروور بارزانی وای گوت.

دەشڵێت، ئێمە پێوەندییەكی دوور و درێژمان لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریكا هەیە، بە تایبەتی ئەو برادەرانەی كە ئێستە لە دەسەڵاتدان. بەڕێز وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دۆستێكی كۆنی ئێمەیە و كاتی خۆیشی كە سیناتۆر بووە، زۆر پشتیوانی مافەكانی خەڵكی كوردستان بووە، چەندان بەرپرسی تریش لە شوێنە گرنگەكانی ئەم ئیدارەیە هەن كە ئەوانیش دۆستی نزیكی ئێمەن. ئێمە هەمیشە ئامادەین بۆ ئاڵوگۆڕكردنی بیر و بۆچوونەكانمان لەگەڵیان، بەڵام هەمیشە هەوڵی ئەوەشمان داوە ڤاكتەری خێر بین، هەرچی بتوانین لە بەرژەوەندیی خەڵكی ناوچەكەدا بێت، بە تایبەتی خەڵكی كوردستان، ئێمە دووپاتمان لەو خاڵانە كردووەتەوە.

روونی كردەوە، دەكرێ خوشك و براكانمان لە سووریا سوود لەو ئەزموونەی هەرێمی كوردستان وەربگرن، بێگومان ئەزموونێكی دەوڵەمەندە و ئێمە خۆشی و ناخۆشیی زۆرمان بینیوە، دەكرێ سوود لە كارە باشەكانمان وەربگرن و كارە هەڵەكانیشمان دووبارە نەكەنەوە. پێم وایە ئەمە باشترین ئامۆژگارییە بۆ خوشك و براكانمان لە سووریا. گرنگە بە لای ئێمەوە كە ئەوان یەكگرتوو بن، تا كوردەكان لە سووریا یەكگرتوو بن، دەتوانن زیاتر داكۆكی لە مافە رەواكانی خۆیان بكەن بۆ ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق بگەنە ڕێككەوتنێك تا هەموو ئەو مافانەی خۆیان مەبەستیانە، بەدەست بهێنن.

لە قسەكانیدا ئەوەشی گوت، سووریا وڵاتێكی فرەنەتەوەیە، لە ڕووی جیۆگرافی و نەتەوەییەوە جیاوازییەكی زۆری تێدایە. لە ناوچە كوردستانییەكان كوردی زۆری لێیە، لایەنەكانی تری كە نزیكن و هاوپەیمانن لەگەڵ توركیا لە باكوری رۆژئاوای سووریا دیسان باڵادەستن، عەلەوییەكان دیسان لە ناوچە كەناراوییەكانی سەر دەریای سپی هەن، درووزەكان لە باشووری سووریا هەن، هەتا پێكهاتە عەشایەرییەكانی عەرەبیش كە لە سووریا هەن، هەموویان یەك بیر و یەك بۆچوون نین. دەسەڵاتێكی نوێش ئێستە لە دیمەشق هەیە. 

زیاتر گوتی، لە هەر شوێنێك ئاسایش و سەقامگیریی تێدا نەبێت و ئابوورییەكی باش كە بتوانێ وەڵامدەرەوەی خزمەتگوزاریی خەڵك بێت، ڕێگە بۆ سەرهەڵدانی توندوتیژی زیاترە. من بە حوكمی ئەو ئەزموونەی هەمانە و لە ناوچەكانی خۆشمان بینیومانە، ئەو ناوچانەی كە باری ئابوورییان باشترە، سەقامگیریی سیاسیی تێدا باشترە و ئاسایشیش تێیدا باشترە. كەواتە ئەم شتانە بە یەكەوە بەستراونەتەوە



وشە - رامیار جەواد