لاهوور شێخ جەنگی: بافڵ تاڵەبانی پێوەندیی پێوە كردم

:: PM:05:53:16/04/2025 ‌
لاهوور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل رای گەیاند، پێوەندییەكانی ئەمەریكا و ئێران هەموو شتێك لە ناوچەكەدا یەكلا دەكاتەوە. لەبارەی دۆخی ناوخۆیش گوتی، دوای كێشەكان؛ بافڵ تاڵەبانی یەك جار پێوەندیی پێوە كردووم. 

ئەمڕۆ چوارشەم، 16ی نیسانی 2025، لاهوور شێخ جەنگی لە بەردەم مایكی كەناڵەكانی راگەیاندن لە دیداری سلێمانی بە پێكەنینەوە گوتی، ئەو ماوەیە راگەیاندنەكان زۆر ناوی بافڵ تاڵەبانی دەهێنن ئەوەندەی كۆبوونەوە لەگەڵ مەسروور بارزانی كردووە.

ئەو لەبارەی بەشدارییان لە حكوومەتی داهاتوودا رای گەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان پێوەندییان كردووە، بەڵام پێمان گوتوون بە دوو كورسییەوە گفتوگۆ ناكەین، "چونكە كورسییەكانی بەرەی گەل دزراون".

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، لە ماوەی رابردوودا زۆر سەردانی وڵاتانی كردووە و دەركەوت پێوەندییەكانی ئەمەریكا و ئێران كێشەكانی ناوچەكە یەكلا دەكاتەوە. 

لاهوور شێخ جەنگی رەتی نەكردەوە سەردانی ئێرانی نەكردبێت و گوتی، ئەوە لە كوێ‌ باس كراوە؟، بەبێ‌ ئەوەی وەڵامی راشكاوانە بداتەوە. 

لەبارەی دۆخی ناوخۆیی سلێمانی و پێوەندیی لەگەڵ یەكێتی گوتی، سلێمانی لە زۆر شت پەراوێز خراوە، بەڵام ئەو دیدارانە گرنگن. ئەوەیشی گوت، كە بافڵ تاڵەبانی یەك جار پێوەندیی پێوە كردووە لە دوای كێشەكانیانەوە.


وشە - وشه‌