ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم سەرۆك مەسعوود بارزانی بە مەبەستی گەیاندنی سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی، بەشداری لە پرسەی خەباتگێڕ و پێشمەرگەی قارەمان و یەكێك لە یاوەرانی بارزانی نەمر لە سۆڤییەت خوالێخۆشبوو بەدرۆ لەشكری بێستریانەیی لە شارۆكەی مێرگەسۆر كرد.
پێشمەرگەی قارەمان بەدرۆ لەشكری بێستریانەیی رۆژی سێشەم 15ی نیسانی 2025 لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری هەولێر لە تەمەنی 98 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، خوالێخۆشبوو هەر لە تەمەنی لاویدا چەكی شەرەفی پێشمەرگایەتی بۆ بەرگریكردن لە نیشتمان لە شان كرد و یەكێك بووە لە پێشمەرگەكانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد، هەروەها هاوەڵی بارزانی نەمر بووە لە پەڕینەوە لە رووباری ئاراس و چوونیان بۆ یەكێتیی سۆڤییەت.
لەدوای گەڕانەوی بارزانیی نەمر و یاوەرانی لە سۆڤییەت خوالێخۆشبوو بەدرۆ لەشكری بێستریانەیی بەردەوام بووە لە خەبات و كوردایەتی و بەشداری لە هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا كردووە و هەموو ژیانی خۆی لە ڕێگەی كوردایەتی و بۆ سەرفیرازیی گەلەكەی تەرخان كرد.